لە ئێران یادی ئەحمەد رازی و عەلی هادی کرایەوە
دەنگدانەوەیەکی گەورەی هەبووە
بەشار رەسەن، ناوەڕاستکاری هەڵبژاردەی تۆپی پێ عێراق و یانەی پێرسپۆلیسی ئێرانی لە یاریی یانەکەی بەرامبەر پەیکان یادی هەردوو ئەستێرە کۆچکردووەکەی پێشووی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی ئەحمەد رازی و عەلی هادی کردەوە، کە بەم دواییە بە هۆی تووشبوونیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.
ئاژانسی فارس نیوزی ئێرانی بڵاویکردەوە لە یاریی نێوان هەردوو یانەی پێرسپۆلیس و پەیکان لە یەکەم یارییان لە سەردەمی کۆرۆنادا کاردانەوەیەکی جوان لەلایەن ناوەڕاستکاری عێراقی سۆرپۆشەکان روویدا و ئەو یاریزانە لە ژێر درێسی وێنەی هەردوو ئەستێرە کۆچکردووەکەی پێشووی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی پیشاندا و ئەم کارەی رەسەن کاردانەوەیەکی گەورەی لە خولی وڵاتەکەیان و هەروەها لە عێراقیش هەبووە.
عەلی هادی یەکەم یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق بوو کە بەم دواییە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بو و دوای ماوەیەک گیانی سپارد، هەروەها لە پاش ئەویش ئەحمەد رازی یەکێکی دیکە لە ئەستێرەکانی پێشووی شێرەکانی رافیدەین بوو کە تووشی پەتاکە بوو و ئەویش دوای نۆ رۆژ گیانی لەدەستدا.