لە چەند کاتژمێری داهاتوودا لیستی مووچە بڵاودەکرێتەوە

وەزارەتی دارایی ڕایگەیاند: سبەینێ دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی یەکی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت.

سێشەممە 4ـی شوباتی 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، دوای تەواوبوونی ڕێکارەکانی گواستنەوەی تەموویلی مووچە بۆ بانکەکان، سبەینێ چوارشەممە دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ دەکرێت.

وەزارەتەکە دەڵێت: لەماوەی چەند ڕۆژێکدا مووچەی سەرجەم مووچەخۆران دابەش دەکرێت و لە چەند کاتژمێری داهاتووشدا لیستی مووچە بڵاودەکرێتەوە.

هەر ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: بڕی 958 ملیار و 12 ملیۆن و 332 هەزار و 759 دینار وەک شایستەی مووچەی مانگی یەک (کانونی دووەم)ـی ساڵی 2025ـی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، خرایە سەر هەژماری وەزارەت لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق." 

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، لە نزیکترین کاتدا دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت.