سبەینێ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا لیستی مووچەی مانگی 1 (کانوونی دووەم)ـی 2025ـی بڵاوکردەوە.

سێشەممە 4ـی شوباتی 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لیستی مووچەی مانگی 1 (کانوونی دووەم)ـی مووچەخۆرانی هەرێمەکەی بڵاوکردەوە، پرۆسەی دابەشکردنەکەش سبەینێ دەست پێدەکات و تا دووشەمەی داهاتوو بەردەوام دەبێت.

بە پێی لیستەکە، سبەینێ هەر یەکە لە خانەنشینانی شارستانی، خاوەن پێداویستی تایبەت و زیندانە سیاسییەکان مووچە وەردەگرن.

هەر ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "بڕی 958 ملیار و 12 ملیۆن و 332 هەزار و 759 دینار وەک شایستەی مووچەی مانگی یەک (کانونی دووەم)ـی ساڵی 2025ـی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، خرایە سەر هەژماری وەزارەت لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق." 

دوێنێ ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، گوتی: ماوەی 10 ڕۆژ لە هەولێر و 5 ڕۆژ لە بەغدا، بەخێر بۆ خەڵکی کوردستان گەڕایەوە توانیمان لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵ بگەینە ڕێککەوتن ساڵی 2025 مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بێ گرفت خەرج بکرێت.

وەزیری دارایی گوتیشی: لە دەستپێکی کابینەی نۆیەمدا لە ساڵی 2019، یەکەم کار کە دەستمان پێکرد و هاتینە بەغدا، هەر لە بەغدا سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: سیاسەتی حکوومەتی هەرێم و بەرنامەی حکوومەت ئەوەیە کێشەکان لەگەڵ بەغدا چارە بکرێن.