پۆلیسی هەولێر ساختەکارێکی پارەی دەستگیر کرد

پۆلیسی هەولێر ئاشکرای دەکات، کەسێکی بە ڕەگەز ئێرانیان دەستگیر کردووە، لەو کاتەی ویستوویەتی پارەی ساختە لە هەولێر ساغ بکاتەوە.
سێشەممە 4ـی شوباتی 2025، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد، تۆمەتبارێکی بە ڕەگەز ئێرانیان بەناوی (ٲ. ی. ع) بە تۆمەتی بەکارهێنانی دراوی ساختە دەستگیر کردووە.
بەپێی زانیارییەکانی پۆلیس، تۆمەتبارەکە لە یەکێک لە فرۆشگاکانی هەولێر، بە دۆلاری ساختە مۆبایلی کڕیووە، ئەو کاتە هەوڵیداوە بڕێک دراوی ساختە ساغ بکاتەوە، لەکاتی دەستگیرکردنیدا پارەی ساختەی لابووە و دەستی بەسەردا گیراوە.
پۆلیسی هەولێر داوا لە هاووڵاتیان دەکات، لەکاتی مامەڵەکردندا دڵنیابن لەوەی ئەو پارەیەی وەریدەگرن ساختە نییە، دەشڵێت: لەکاتی بوونی هەر حاڵەتێکی لەو شێوەیە، پەیوەندی بە هێلی گەرمی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس بکەن بە ژمارە (066104).