ڕێبوار هادی: بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی نایاساییە

سەرۆکی لێژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ ڕاگرتنی سێ یاساکەی پەرلەمان لەگەڵ سروشتی کاری دادگا ناگونجێت و کێشەی یاسایی لە بڕیارەکەدا هەیە.

سێشەممە 4ـی شوباتی 2025، ڕێبوار هادی، سەرۆکی لێژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق، لەمیانەی بەشداریی لە بەرنامەی باسی ڕۆکی کوردستان24ـدا گوتی: بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی یاسایی نییە، چونکە بە گوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی دادگا، دەبێ یاساکە بەرکار بێت بۆ ئەوەی دادگە بتوانێت بڕیاری لەبارەوە بدات.

سەرۆکی لێژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق، ئاماژەی بەوە کرد، بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ ڕاگرتنی سێ یاساکەی پەرلەمان لەگەڵ سروشتی کاری دادگا ناگونجێت و کێشەی یاسایی لە بڕیارەکەدا هەیە. 

هەر ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی، فەرمانێکی وەلائی دەرکرد و بڕیاری دا بە ڕاگرتنی جێبەجێکردنی یاساکانی لێبووردنی گشتی و باری کەسی و گەڕانەوەی موڵک بۆ خاوەنەکانیان.