ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک: بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی گورزێکە بۆ ڕێککەوتن و هاوبەشی نیشتمانی

سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بڕیاری هەڵپەساردنی یاسای لێبوردنی گشتی، لەلایەن دادگای فیدراڵ، بە گورز و لێدان لە ڕێککەوتنی سیاسی و هاوبەشی نیشتمانی ناو دەبات، هەروەها بڕیاریشدراوە بایکۆتی دەوامی سەرجەم دامەزراوە فەرمییەکانی پارێزگای کەرکووک بکرێت.
محەممەد ئیبراهیم حافز، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە پەیامێکدا، دژ بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق ڕایگەیاندووە، لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و سەرجەم فەرمانگە و دامەزراوە گشتییەکانی پارێزگاکە دەوام ڕادەگرن.
گوتیشی: ئەم هەنگاوەمان بۆ گەیاندنی پەیامی ناڕەزاییە بەرانبەر بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵ و لە هەمانکاتدا پشتیوانی و هاوسۆزییە بۆ هەڵوێستی نەتەوەیی سەرکردە سیاسی و پارێزگاکانی دیکەی عێراق.
سەرۆکی ئەنجوومەنی پاریزگای کەرکووک دەشڵێت، ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵ بۆ هەڵپەساردنی یاسای لێبوردنی گشتی دەریکردووە، گورزێکی گەورەیە بۆ هاوبەشی نیشتمانی و ڕێککەوتن و لێک تێگەیشتنە سیاسییەکان، کە حکوومەتی عێراقی لەسەر دامەزراوە و بووەتە مایەی سەقامگیری و دەستکەوتی نیشتمانی.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هاتووە، دەستگرتن بە سەر بڕیار و ویستی جەماوەر، دەبنە هۆکار بۆ ئەوەی جەخت لە هەڵوێستی یەکگرتوویی عێراق، پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری بکەینەوە.
پەرلەمانی عێراق دوای ڕێککەوتنی سیاسیی، دواجار لە 21ـی مانگی ڕابردوودا هەمواری هەر سێ یاسا (باری کەسی، لێبوردنی گشتی، هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی سەرکردایەتی ڕژێمی بەعس)ی خستە دەنگدان و پەسەندی کردن.
هەر لە بارەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵ، ڕێبواری هادی، سەرۆکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان24دا گوتی: بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ ڕاگرتنی سێ یاساکەی پەرلەمان لەگەڵ سروشتی کاری دادگا ناگونجێت و کێشەی یاسایی لە بڕیارەکەدا هەیە.
گوتیشی: یاساکان دەبێت بەرکاربن بۆ ئەوەی دادگا بتوانێت بڕیاریان لەسەر بدات، بەڵام هەرسێ یاساکە تازە پەسەندکراوان نەخراونەتە بواری جێبەجێ کردنەوە.