ئەنەکەسە داوا لە شەرع دەکات هەلومەرجی گونجاو بۆ هەڵبژاردن بڕەخسێنێت

ئەنەکەسە داوا لە سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا دەکات هەلومەرجی گونجاو بۆ هەڵبژاردن بڕەخسێنێت و پارێزگاری لە ئازادی بیروڕا و ڕادەربڕین بکات.
ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) لە ڕاگەیەندراوێکدا پیرۆزبایی لە ئەحمەد شەرع کرد بەبۆنەی هەڵبژاردنی وەکوو سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا.
ئەنەکەسە لە ڕاگەیەندراوەکەیدا داوای لە شەرع کردووە "لەم قۆناغە گرنگەی سووریا پێیدا تێپەڕ دەبێت، هەنگاوی گرنگ و پێویست بنێت بۆ کۆتاییهێنان بە ئازار و نەهامەتی سوورییەکان، چەسپاندنی سەقامگیری و ڕەخساندنی هەلومەرجی گونجاو بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە و داڕشتنی دەستوورێک کە مافی هەموو سوورییەکان زامن بکات."
ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد لە سووریا پێی وایە، ئەرکی ئەحمەد شەرعە پارێزگاری لە ئازادییە سەرەتاییەکان بکات، لە پێش هەمووانەوە ئازادی بیروڕا و ڕادەربڕین، هاوکات نەهێشتن و لابردنی پاشماوەی وێرانکاری و ستەمکاریی ڕژێمی پێشووی بەشار ئەسەد و دەستەبەرکردنی گەڕانەوەیەکی سەلامەت و شکۆمەندانەی ئاوارە و پەنابەران، لەنێویشیاندا خەڵکی عەفرین، تل ئەبیەز و سەرێ کانی.
لە لایەکی دیکەوە فەیسەڵ یوسف، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنەکەسە کە هاوکات گوتەبێژی هاوپەیمانییەکەیە، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "پێویستە هەنگاوی کردەیی خێرا بۆ نەهێشتنی ستەمکاری و نادادپەروەری بەرانبەر بە کوردانی سووریا بگیرێتەر بەر، پێش هەمووان نەهێشتنی سیاسەتی جیاکاری کە بوونی نەتەوەی کوردی لە وڵاتەکە کردووەتە ئامانج، وەکوو پشتێنەی عەرەبی، بەدەرکردنی کورد لە سەرژمێریی و گەڕاندنەوەی مافەکانی کورد بۆ پێش سەرژمێرییەکە، لەنێویشیاندا پێدانەوەی ڕەگەزنامە بەو کەسانەی بە زۆر لێیان سەندرا بوونەوە."
ئەو ئەندامەی سەرۆکایەتیی ئەنەکەسە بە پێویستیش دەزانێت دەستووری نوێ دان بە مافەکانی کورد و هەموو پێکهاتەکانی دیکەی سووریادا بنێت و زمانی کوردیش، وەک زمانێکی فەرمی شانبەشانی زمانی عەرەبی لە ناوچە کوردییەکان و ئەو ناوچانەی زۆرینەی کوردنشینن؛ بناسێنێت.
فەیسەڵ یوسف جەختیشی لەوە کردەوە، دەبێت سووریای نوێ لەسەر بنەمای هاوبەشییەکی نیشتمانیی ڕاستەقینە بێت، بە لەبەرچاوگرتنی قوربانیدانی ئەو لایەنانەی لە بەرانبەر ستەمکاری و چەوساندنەوە و تیرۆر، کاریان بۆ بونیاتنانی سووریایەکی دیموکرات کردووە.
گوتەبێژی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا باسی لەوەش کرد، لایەنە سیاسییەکانی کوردی ڕۆژئاوای کوردستان هەوڵدەدەن دیدگایەکی هاوبەش و شاندێکی یەکگرتوو پێکبهێنن بۆ دانوستان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی دیمەشق بە مەبەستی تاوتوێکردنی ناسنامە و فۆرمی نوێی سووریا.