سەرۆکی لێژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق: فەرمانی وەلائی بۆ ڕاگرتنی یاساکان گونجاو نییە

ڕێبوار هادی: ناکرێت یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی بەعس لەگەڵ یاسای باری کەسی وەک یەک سەیری بکرێن

سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ: بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی نایاساییە و ناکرێت هەرسێ یاسای (باری کەسی، لێبوردنی گشتی، هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی سەرکردایەتی ڕژێمی بەعس) وەک یەک سەیر بکرێن.

ڕێبوار هادی، سەرۆکی لێژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان24ـدا گوتی: بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی یاسایی نییە، چونکە بڕیاردان لەسەر هەر یاسایەک یان ڕاگرتنی پێویستە، پێشتر یاساکە جێبەجێ کرابێت و بەرکار بێت، بەڵام یاساکانی لێبووردنی گشتیی و باری کەسی و گەڕانەوەی موڵک بۆ خاوەنەکانیان تاوەکو ئێستا نەچووەتە بواری جێبەجێکردن و بەرکارنین، هەر بۆیە بڕیاری لایەنگیری (وەلائی) بۆ ڕاگرتنی یاساکان گونجاو نییە.

ڕێبوار هادی گوتیشی: ئەو بڕیارەی پەیوەستە بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی ڕژێمی بەعس، لەلایەن حکوومەتی عێراق کراوەتە پڕۆژە و پێشکەشی پەرلەمان کراوە و لایەنە سیاسیەکانیش لەسەری ڕێککەوتوون، هەربۆیە ناکرێت، لەگەڵ یاسای باری کەسێتی وەک یەک سەیری بکەین. 

دادگای فیدراڵی عێراق  بەشێوەیەکی کاتی، بڕیاری ڕاگرتنی جێبەجێکردنی یاساکانی لێبووردنی گشتی و باری کەسی و گەڕانەوەی موڵک دەرکرد.

سێشەممە 4ـی شوباتی 2025، دادگای فیدراڵی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا، بڕیاری ڕاگرتن و هەڵپەساردنی جێبەجێکردنی هەرسێ یاسای باری کەسی، لێبوردنی گشتی، هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی سەرکردایەتی ڕژێمی بەعسی دەرکرد، کە 21ی کانوونی دووەمی 2025، بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران پەسەندکران.

لە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵ هاتووە، هەڵپەساردنی سێ یاساکە، ڕێکارێکی کاتییە بۆ جیاکردنەوەی ئاستی دەستووری یاساکان لە سەر پرسی سکاڵاکان و بەراورد کردنیان بە بڕگە و ماددە دەستوورییەکان.