تەندروستی سلێمانی ژمارەی ئەو کەسانە ئاشکرا دەکات کە پلازمایان بەخشیووە

چەند کەس بە بەخشندەیی خۆیان بەهانای تووشبووانە چوون؟

K24- سلێمانی:

د. یاد نەقشبەندی، وتەبێژی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 186 کەس دوای چاکبوونەوەیان لە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنا، پلازمایان بەخشیووە.

وتەبێژی تەندروستی سلێمانی سوپاسی ئەو کەسانە دەکات و بە بەخشندە ناویان دەبات.

پلازمای خوێنی ئەو کەسانەی چاکبوونەتەوە، دژە تەنیان تێدایە و دەتوانن بەرگری تووشبووەکان بەرامبەر بە کۆرۆنا زیاد بکەن، ئەمەش رۆڵی لە رزگارکردنی ژیانی ئەوانە دەبێت کە نیشانەی تووند و کوشندەیان هەیە.

کەسوکاری ئەوانەی تووشبوویان هەیە و تەندروستیان ناجێگیرە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان داوا لە لە چارەسەرکراوان دەکەن بە هانایانەوە بچن و جۆری خوێنی نەخۆشەکانیان بڵاودەکەنەوە.

بەگوێرەی توێژینەوەیەکی چینی، پلازمای خوێن تا سێ مانگ 70% دژە تەنەکانی تێدا دەمێنێت.