کۆمپانیای بی پی وەبەرهێنان لە نەوت و غازی کەرکووک دەکات

کۆمپانیای بی پی دەیەوێت بە بڕی 25 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت و غازی سروشتی لە کەرکووک بکات.
بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی نەوتی عێراقیی بە ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕایگەیاندووە، کۆمپانیا بەریتانی بی پی، پەرە بە چوار بیری نەوت و غازی سروشتی دەدات، لە کاتێکدا بەغدا ئامادەیی دەربڕیوە بۆ هاتنی کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکانی بیانی.
بەگوێرەی زانیاریی ئەو بەرپرسە باڵایە، ئەگەر ڕێککەوتنەکە ئیمزا بکرێت، لە ماوەی چەند هەفتەیەکی ئاییندە، پرۆژەکە دەست پێ دەکات.
بەگوێرەی ئۆپک، عێراق لە دوای سعوودیە دووەم گەورەترین وڵاتی بەرهەمهێنەری نەوت و بەرهەمەکانی دیکەی نەوتییە. بەرهەمی نەوتیشی ڕۆژانە چوار ملیۆن بەرمیلی تێپەڕاندووە، بە گوتەی ئەو بەرپرسە پڕۆژەکە بۆ ماوەی 25 ساڵ دەبێت.
ئەگەر لایەنەکان ڕێککەون، ئەمە دەبێتە دووەم ڕێککەوتنی گەورەی عێراق لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان کە هی یەکەمیان کۆمپانیای تۆتال ئینێرجیز بوو، دەیەوێت لە بەسڕە بری 27 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە نەوت بکات.
بەرپرسەکە ڕاشیگەیاندووە، دانوستانەکان لەگەڵ ئەو کۆمپانیایە بەشێوەیەکی ئەرێنی بەردەوامە، لەوانەیە لە نیوەی یەکەمی ئەم مانگە ڕێککەوتننامەکە لەنێوان عێراق و بی پی ئیمزا دەکرێت.
بەگوێرەی ڕێککەوتنەکە، بی پی قەبارەی بەرهەمهێنانی نەوت لە چوار بیر لە 150 هەزار بەرمیلەوە بۆ 450 هەزار بەرمیل بەرز دەکاتەوە.
کۆمپانیای بی پی بەریتانی لەسەدا 50ـی پشکی کێڵگەی نەوتی ڕومێلەی لەلایە، لەبارەی کەرکوکیشەوە پلانەکە بۆ ساڵی 2013 دەگەڕێتەوە، بەڵام بەهۆی هاتنی داعش و ئۆپەراسیۆنەکان، پڕۆژەکە تا ساڵی 2019 دواخرابوو.