عەلی خامنەیی نوێنەری خۆی لە لوبنان دەستنیشان کرد

ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنانی بە نوێنەری خۆی لە لوبنان دەستنیشان کرد.

چوارشەممە، 5ـی شوباتی 2025، ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، بڵاوی کردەوە، عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنانی وەکو نوێنەری خۆی لە لوبنان دەستنیشان کرد.

پێشتریش، حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری پێشووی حزبوڵڵا، پۆستی نوێنەرایەتی عەلی خامنەیی لە لوبنان وەرگرتبوو.

حزبوڵڵای لوبنانی، لە دوای کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا، نەعیم قاسمی وەک ئەمینداری گشتی حزبەکە دەستنیشان کرد.

نەعیم قاسم، تەمەنی 71 ساڵە، شارەزای زمانی فەرەنسی و ئینگلیزییە، هەروەها خوێندنی باڵای لە بواری کیمیادا تەواو کردووە، ئەمە جگە لەوەی خوێندنی ئایینی لە ژێر دەستی زانایانی باڵای شیعە لە لوبنان خوێندووە.