فائق زێدان: دادگاکان پابەندن بە جێبەجێکردنی هەمواری یاسای لێبووردنی گشتی

سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ڕایگەیاند، دادگاکان پابەند دەبن بە جێبەجێکردنی هەمواری یاسای لێبووردنی گشتی.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 05-02-2025، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق بە سەرۆکایەتیی فائق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنەکە کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی، بۆ ڕاگرتنی جێبەجێکردنی هەر سێ یاسای لێبووردنی گشتی، باری کەسی و گەڕانەوەی موڵک بۆ خاوەنەکانیان.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ڕایگەیاندووە "بە گوێرەی دەستوور، بەو پێیەی پەسەندکردنی ئەو سێ یاسایە تاوەکوو ئێستە لە ڕۆژنامەی فەرمیی حکوومەتی عێراق (وەقائیع) بڵاو نەکراونەتەوە، دادگای باڵای فیدراڵی ناتوانێت جێبەجێکردنیان ڕابگرێت."
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە، فائق زێدان دادگاکانی عێراقی پابەند کردووە بە جێبەجێکردنی هەمواری یاسای لێبووردنی گشتی، بەڵام ئاماژە بە جێبەجێکردنی یاسای گەڕانەوەی موڵک بۆ خاوەنەکانیان و باری کەسی نەکردووە.
ڕۆژی سێشەممە، 04-02-2025، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراقی لەسەر سکاڵای ژمارەیەک پەرلەمانتار، بە بڕیارێکی وەلائی، جێبەجێکردنی یاساکانی لێبووردنی گشتی، باری کەسی و گەڕانەوەی موڵک بۆ خاوەنەکانیان ڕاگرت.
هەرسێ پرۆژەکە لە دانیشتنی ڕۆژی 21ـی کانوونی دووەمی 2025 لە پەرلەمانی عێراق بەیەک پاکێج پەسند کران.