'' ئاساییە بیروڕای جیاواز لە نێوان یاریزان و راهێنەر هەبێت ''

سێتیێن باس لە کێشەکانی میسی و سارابیا دەکات

کیکێ سیتیێن، راهێنەری یانەی بارسێلۆنای ئیسپانیا لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یاریی یانەکەی باسی لە کێشەکانی نێوان راهێنەران و یاریزانەکانی یانەکەی کرد و بلاوبونەوەی ئەو گرتەی ڤیدیۆیەی ئێدێر سارابیای هاوکاری و لیۆنێل میسی یاریزانی یانەکەی بە شتێکی ئاسایی ناو دەبات و لە هەمان کاتیشدا ئاماژە بەوە دەکات کە ئەنجامەکانی ریال مەدرید بە لای ئەوانەوە هیچ گرنگ نیە،

راهێنەرەکەی بارسا لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیدا گووتی ''ئاساییە کاتێک تێکنەگەیشتنێک لە نێوان یاریزان و راهێنەر و کەسانی دیکە هەبێت و لە ژیانی رۆژانەشماندا ئەم شتانە هەیە و هەمیشە جیاوازیەک هەر هەیە، ئەو کاتەی منیش یاریزان بووم، کۆنترۆل کردنم کارێکی سەخت بوو، بەڵام ئەرکی من ئەوەیە هەموو یاریزانێک لەسەر بیرکردنەوەی خۆی رازی بکەم، ئەمجۆرە کێشانە شتێکی ئاساییە و پەیوەندیەکانمان لەگەڵ هەموو یاریزانەکان باشن و گوێ بەو بابەتانە نادەم''.

سێتیێن لە بەسێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت '' کاتێک تیپەکەت لە رکابەرییەکی قورسدایە و براوە نابیت، لە ژووری خۆ گۆڕین کێشەی جیاواز هەن، بەڵام ئەم کێشانە زۆر بچوکن و هیچ کاتێک گرنگی پێ نادرێت و نابێت بایەخی پێ بدرێت ''.

لە کۆتاییدا راهێنەری بارسێلۆنا سەبارەت بە ئەنجامەکانی ریال مەدرید گووتی '' نامەوێت هیچ قسەیەک لەسەر ریال مەدرید بکەم، چونکە دەمانەوێت تەنها بیر لە یارییەکانی خۆمان بکەین و کۆنترۆلی خۆمان بکەین، بۆ من ئەنجامەکانی ئەو یانەیە گرنگ نیە، سەرەتا دەبێت ئێمە ئەنجامەکانی خۆمان باش بکەین ''.