پلانی ڕاگواستنی دانیشتوانی غەززە ناڕەزایی جیهانی لێ دەکەوێتەوە

لێدوانەکەی دۆناڵد ترەمپ، لەسەر کۆنترۆڵکردنی کەرتی غەززە و ڕەوانە کردنی فەڵەستینییەکان بۆ وڵاتانی دیکە، توڕەیی و نیگەرانیی زۆرێک لە سەرکردە و وڵاتانی بەدوای خۆیدا هێنا.
وەزیری دەرەوەی سعوودیە
وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە ڕایگەیاند، هەڵوێستی وڵاتەکەیان دەربارەی وڵاتی فەڵەستین، هەڵوێستێکی ڕوون و ئاشکرا و نەگۆڕە، کە بەهیچ شێوەیەک بەو بڕیارە ڕازی نابن. محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنیشین، هەڵوێستی خۆی دەربارەی لێدوانەکەی ترەمپ خستووەتە ڕوو، هیچ لێکدانەوەیەک لە خۆ ناگرێت.
ئوسترالیا
ئەنتۆنی ئەلبانێز، سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیا ڕایگەیاند "هەڵوێستی ئێمە وەکو ساڵی ڕابردووە، ئێمە پاڵپشتی لە دامەزراندنی دوو دەوڵەتی دەکەین."
چین
چوارشەممە، 5ـی شوباتی 2025، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لەسەر قسەکانی دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە دەستبەسەرداگرتنی کەرتی غەززە ڕایگەیاند، پەکین دژی ڕاگواستنی دانیشتووانی کەرتی غەززەیە.
ئاماژەی بەوەش کرد، پەکین هیواخوازە دوای ئاگربەستیش شەڕی غەززە بوەستێت، هەروەها باشترین ڕێگا چارەی سیاسیی بۆ فەڵەستین دوو دەوڵەتییە.
بەریتانیا
بەریتانیا پلانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکای بۆ گۆڕینی غەززە ڕەت کردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە فەلەستینییەکان "پێویستە بگەڕێنەوە وڵاتەکانیان".
ستیڤ ڕید، وەزیری ژینگەی بەریتانیا ڕایگەیاند، پشتگیریی لە چارەی دوو دەوڵەتی دەکەین، گوتیشی: ئیسرائیل و فەڵەستین دەبێت وەکوو دوو وڵاتی ئازاد هەبن.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمەریکا پلانی هەیە دەست بەسەر غەززەدا بگرێت فەڵەستینییەکان لە شوینی دیکە نیشتەجێ بکات، بۆیە ئێمە پێداگریی لەسەر ئەوە دەکەین ئەوانەی ئاوارەش بوون دەبێت بگەڕێنەوە.
فەرەنسا
چوارشەممە، 5ـی شوباتی 2025، کریستۆڤ لۆ موان، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە گوتی: دژایەتیی خۆیان بۆ هەر جۆرە ڕاگواستنێکی دانیشتووانی فەڵەستینی لە غەززە دووپات دەکەنەوە، چونکە ئەمە پێشێلکاریی یاسای نێودەوڵەتی و هێرشکردنە سەر خواستە ڕەواکانی فەڵەستینییەکانە.
ئاماژەی بەوەش کرد "ئەم ڕاگواستنە بەربەستێکی گەورەیە لەبەردەم چارەی دوو دەوڵەتی و هۆکارێکی سەرەکییە بۆ ناسەقامگیرکردنی هاوبەشە نزیکەکانمان وەک، میسر و ئوردن و تەواوی ناوچەکە."
دەشڵێت: نابێت داهاتووی غەززە لە ژێر دەستی وڵاتی سێیەمدا بێت، بەڵکو دەبێت لە چوارچێوەی دەوڵەتی داهاتووی فەڵەستیندا بێت.
عێراق
چوارشەممە 29ـی کانوونی دووەمی 2025، وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە، تێیدا هاتووە "فوئاد حوسێن، جەختی لە هەڵوێستی نەگۆڕی عێراق لە پشتیوانیی دۆزی فەڵەستین کردەوە، هەروەها هەر هەوڵێک بە ئامانجی ڕاگواستن و ئاوارەکردنی گەلی فەڵەستین ڕەت دەکاتەوە."
وەزیری دەرەوەی عێراق دەڵێت: پاڵپشتیی مافەکانی گەلی فەڵەستین لە کارنامەی کۆبوونەوەی لووتکەی عەرەبیدا دەبێت کە ئەمساڵ لە بەغدا بەڕێوە دەچێت.