سوید..پەیامنێری کوردستان24 باسی هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی ڕێژەی تاوان دەکات

سوید
سوید

ئاوارە هەورامی، پەیامنێری کوردستان24 لە سوید ئاماژە بەوە دەکات، هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی ڕێژەی تاوان لە سوید، هۆکارەکەی تەنیا ژیان و بێکاری و کەشوهەوای خەمناکی سویدە.

چوارشەممە 5ـی شوباتی 2025، ئاوارە هەورامی، پەیامنێری کوردستان24 لە سوید ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا گرووپە مافیاکان لەسەر پرسی دەرمان فرۆشتن و پارە و دەسەڵاتیان لە ناوچەکانی سوید، ئاگربەستەکانی نێوانیان کۆتایی پێهێناوە کە لە ساڵی 2023 هەیانبوو، دەڵێت: ئێستا کێشەکان لە سوید بە سیاسی و ئابووری کراون.

دەشڵێت: لە دوایین هەڵبژاردندا کە ڕاستڕەوەکان هاتنە سەر کار، کۆمەڵێک یاسای گرنگیان سەبارەت بە پەنابەران ئاڵوگۆڕ پێکرد، ئەمەش تا ڕاددەیەک پەنابەرانی توڕە کردووە.

ئاشکرای کرد، ئەوەی لە قوتابخانەی ئۆرۆبرۆش لە سوید ڕوویدا کە 10 هاووڵاتی کوژران و 6 هاووڵاتی دیکەش بریندار بوون، جگەلە خۆ کوشتنی هێرشکارەکە لە کاتی ڕووداوەکە، شرۆڤەکارانی سوید و دژی دەسەڵاتی نوێی سوید پێیان وایە، هۆکاری زیادبوونی ئەو تاوانانە پەیوەستن بە بێکاری لاوان، چونکە ئێستا زیاتر لە نیو ملیۆن هاووڵاتی لە سوید بێکارن.

ئاوارە هەورامی دەڵێت: سویدییەکان خۆیان ئاماژە بەوە دەکەن، تا ئیستا شتی وا لە سوید ڕووی نەداوە، 45 هەزار گەنج بێکارن، لەگەڵ ئەوەی سوید بەهۆی کەشوهەواکەی وڵاتێکی خەمناکە، زۆرینەی خەڵکی سویدیش تاک تاک دەژین، نەوەک بە کۆمەڵ و خێزان، ئەمانە وا دەکەن خەڵکی لە سوید دووچاری خەمۆکی ببێت، هەر ئەوانە دەبنە هۆکاری ئەنجامدانی تاوان.

ئاوارە ئاشکرای کرد، ئەو کەسەی لە ئۆرۆبرۆ تەقەی کردبوو، پێشینەی تاوانی نەبووە و ناوی لە پۆلیسی سویددا نییە، تەمەنی 35 ساڵە، ڕۆژنامەکانی سوید ئاماژە بەوە دەکەن، ئەو گەنجێکی تەنیا بووە، بۆیە یەکێک لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی ڕێژەی تاوان لە سوید، تەنیایی خەڵک، هەروەها بێکاری و کەشوهەوای سویدە.