ئەحمەد شەرع بانگهێشتی لووتکەی عەرەبی لە بەغدا دەکرێت

عامر فەیاز، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی نوێی سووریا بانگهێشتی لووتکەی داهاتووی عەرەبی لە بەغدا دەکرێت، کە بڕیارە کۆتایی مانگی چواری ئەمساڵ بەڕێوە بچێت.

ئەو ئەندامەی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق گوتی: "بەرپرسانی عێراق بەنیاز نەبوون شەرع بانگهێشت بکەن، بەڵام دوای کرانەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەڕوویدا، ناچارن بانگهێشتی بکەن و وەک سەرۆکی نوێی سووریا مامەڵەی لەگەڵدا بکەن."

ڕوونیشیکردەوە، "پێشتر حکوومەتی عێراق سەرۆکی دەزگای هەواڵگری عێراقی ناردبوو بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆببێتەوە، هەربۆیە لە لوتکەی عەرەبی ئامادە دەبێت."

گوتیشی: عێراق بە شێوەی فەرمی مامەڵەی لەگەڵ سووریا لە ژێر سەرکردایەتی شەرعدا  تەنیا  لە ڕێگەی دۆسیەی ئەمنی کردووە، بەڵام لە ڕووی دیپلۆماسیەوە تاوەکوو ئێستا هیچ پەیوەندییەکی فەرمی نەبووە.