ئەمەریکا: لەمەودوا کەشتییە حکوومەتییەکانمان بە خۆڕایی بە کەناڵی پەنەمادا تێدەپەڕن

ئەمەریکا ڕایگەیاند، کەشتییە حکوومەتییەکانی وڵاتەکەی لەمەودوا بەخۆڕایی و بەبێ دانی هیچ ڕسوماتێک بە کەناڵی پەنەمادا تێدەپەڕن، ئەمەش دوای فشارەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ سەر پەنەما دێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە پلاتفۆرمی 'ئێکس' بڵاوی کردەوە "ئێستا کەشتییەکانی حکوومەتی ئەمەریکا دەتوانن بە کەناڵی پەنەمادا تێپەڕبن بەبێ ئەوەی ڕسومات بدەن، بەمەش ساڵانە ملیۆنان دۆلار بۆ حکوومەت دەگەڕێتەوە."
مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، گوتی: لە میانی دانوستانەکانی ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو، یەکەمین سازشە کە پەنەما کردوویەتی.
ڕوبیۆ، بە دەسەڵاتدارانی پەنەمای ڕاگەیاندووە، ئەمە نادادپەروەرییە کە ئەمەریکا بەرگریی لە ڕێڕەوییە ئاوییەکە دەکات، لە هەمان کاتیشدا بۆ بەکارهێنانی ئەو ڕێڕەوە پارە بدات.
لە دوای سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو، ترەمپ گوتی: دوور نییە هێز بۆ کۆنترۆڵکردنی ڕێرەوە ئاوییەکە بەکار بهێنم، کە 40%ـی هاتوچۆی کۆنتێنەرەکانی ئەمەریکای پێدا تێپەڕ دەبێت.