دەیان هەزار فەرمانبەری حکوومەتی ئەمەریکا دەست لەکار دەکێشننەوە

بەگوێرەی هەواڵێکی 'سی ئین ئێن" سەرچاوەیەکی کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە، لانی کەم 40 هەزار فەرمانبەری حکوومەت، بە ئۆفەرەکەی دۆناڵد ترەمپ ڕازی دەبن، ئارەزوومەندانە دەست لەکار دەکێشنەوە و مووچەی 8 مانگیش وەردەگرن.

لە کۆتایی مانگی کانوونی دووەم، تۆڕی 'ئێن بی سی' بڵاوی کردەوە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، ئۆفەرێکی خستووەتە بەردەم فەرمانبەرانی حکوومەت، کە ئارەزوومەندانە دەست لەکار بکێشننەوە، لە بەرانبەردا مووچەی 8 مانگیشان پێ دەدات.
پێشبینی دەکرێت لە 10%ی فەرمانبەرانی فیدراڵی ئەو ئۆفەرە پەسەند بکەن، بەمەش حکوومەتی ئەمەریکا ملیاران دۆلاری بۆ دەگەڕێتەوە.

بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، پێشبینی دەکرێت لە نێوان 5% بۆ 10%ی فەرمانبەرانی فیدراڵی لە کارەکانیان دوور بخرێنەوە.

'سی ئێن ئێن' لەسەر زاری بەرپرسەکە بڵاوی کردەوە "ژمارەی ئەو فەرمانبەرانەی ڕەزامەندییان دەربڕی لەسەر ئۆفەری دەستلەکارکێشانەوەکە، لە 40 هەزار فەرمانبەر کەمتر نین.

بەپێی ئەو داتایانەی خراوەتە ڕوو، ئەم ئۆفەرە پێشکەشی نزیکەی دوو ملیۆن فەرمانبەری حکوومەت کراوە.

حکوومەتی فیدراڵی ئەمەریکا جگە لە فەرمانبەرانی پۆستە،  نزیکەی دوو ملیۆن و 300 هەزار فەرمانبەری مەدەنی هەیە.

ئەم ئۆفەرە بەشێکە لە پلانێکی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بۆ داڕشتنەوەی هەیکەلیەتی حکوومەت و خەرجییەکان.