پێشنیازەکەی ترەمپ لەبارەی غەززە؛ ئیسرائیلییەکان پشتیوانیی دەکەن و فەڵەستینییەکانیش لە دژین

لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لەبارەی گواستنەوەی خەڵکی غەززە بۆ میسر، ئوردن و ژمارەیەک وڵاتەی دیکە و کۆنترۆڵکردنی کەرتەکە لەلایەن ئەمەریکاوە و پاشان گۆڕینی بۆ "ڕیڤێرای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" کاردانەوە و مشتومڕێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە.
ئەحمەد حەلاسە، دانیشتووی کەرتی غەززە لەبارەی لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمەریکا، ڕایگەیاند "خۆم کوڕی غەززەم، باوک و باپیرانیشمان هەر کوڕی غەززە بوون. ئێمە لە بنەڕەتدا خەڵکی غەززە و ئەم وڵاتەین؛ بۆیە چی دەکەن، با بیکەن، ئێمە خۆڕاگرین؛ تەنها یەک هەڵبژاردەمان هەیە، نەک دوو.. یان لە غەززە دەمێنینەوە یان تێیدا دەمرین."
لێدوانەکانی ترەمپ لەبارەی کۆنترۆڵکردنی غەززە و گواستنەوەی دانیشتووانی، لە کاتی پێشوازیی لە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کۆشکی سپی بوو. سەرۆکی ئەمەریکا، ئاماژەی بەوە کرد دەکرێت ئەم پلانە "مێژوو بگۆڕێت."
تامر تەفش، دانیشتووی شاری ڕامەڵلای کەرتی ڕۆژئاوای فەڵەستین، ئاماژەی بەوە کرد "هەر چەندە لێدوانەکان بۆ ئێمە شۆکهێنەر بوون، بەڵام لەلایەن سەرۆکی بەهێزترین وڵات لەسەر ئاستی جیهان دراون و هیوادارم پلانەکەیان سەر نەگرێت؛ چونکە ناکرێت دوای زیاتر لە 16 مانگ وێرانکاریی، شەڕ و خۆڕاگری، ڕاگواستنی زۆرەملێ بە خەڵکی غەززە بکرێت."
لێدوانەکانی ترەمپ هاوکات بوون لەگەڵ دەستپێکردنی خولی دووەمی دانوستانەکانی ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە، لە نێوان بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی و ئیسرائیل، بە نێودەنگیریی ئەمەریکا، قەتەر و میسر.
کەفیر دێریک، دانیشتووی ئیسرائیل لەوبارەوە گوتی: "پشتیوانیی لە لێدوانەکانی ترەمپ دەکەم و هیوادارام پلانەکەی جێبەجێ بکرێت. با (هاووڵاتییانی غەززە) بچن لە شوێنێکی دیکە دەست بە ژیانێکی نوێ بکەن و کەرتی غەززە بۆ شوێنێکی ئاشتی بگۆڕین؛ بەڵام سەرەتا دەبێت هەموو بارمتەکان ئازاد بکرێن."
"کۆچی ئارەزوومەندانەی دانیشتووانی غەززە"
یەزرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی پلانێک، فەرمانی بەو هێزانەی سوپای وڵاتەکەی کردووە، کە لە چەند شوێنێکی غەززە بڵاوەیان پێ کراوە، ڕێگری لە هیچ هاووڵاتییەکی غەززە نەکەن ئەگەر بیانەوێت کەرتەکە بەجێ بهێڵن و بۆ وڵاتێکی دراوسێ کۆچ بکەن.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کرد، پلانەکە هەر سێ ڕێگەی وشکانی، دەریایی و ئاسمانیی لەخۆ دەگرێت، ئەو هاووڵاتییانەی دەیانەوێت غەززە بەجێ بهێڵن، دەتوانن بەو سێ ڕێگەیە بۆ وڵاتێکی دیکە بڕۆن.
ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە
ڕۆژی یەکشەممە 19ـی کانوونی دووەمی 2025، ئاگربەستەکەی غەززە بە نێوەندگیریی میسر و قەتەر و ئەمەریکا، کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، قۆناغی یەکەمی ئاگربەستەکە ماوەکەی 42 ڕۆژ دەبێت، دانوستانەکان بەردەوام دەبن بۆ دەستپێکردنی قۆناغی دووەم و دواتر قۆناغی سێیەم.
لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاگربەست، تاوەکوو ئێستە 18 بارمتەی ئیسرائیلی و بیانیی ژێر دەستی حەماس و 600 زیندانی فەڵەستینی لەنێو زیندانەکانی ئیسرائیلدا ئازاد کراون. هاوکات شەڕ ڕاگیراوە و سەدان بارهەڵگری هاوکاریی مرۆیی گەیەندراونەتەوە کەرتەکە.
چوونی شای ئوردن و سەرۆکی میسر بۆ واشنتن
بە گوێرەی سەرچاوە ڕۆژنامەوانییەکان، شا عەبدوڵڵا، شای ئوردن لە 11ـی ئەم مانگە و عەبدولفەتاح سیسیش، سەرۆکی میسر لە 18ـی ئەم مانگە، سەردانی واشنتن دەکەن و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، کۆ دەبنەوە.
بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەی سەرۆکی ئەمەریکا لەگەڵ ئەو دوو سەرکردە عەرەبە، پرسی ڕاگواستنەوەی هاووڵاتییانی غەززە دەبێت بۆ میسر و ئوردن.
پێشتر هەر یەک لە میسر و ئوردن پێشنیازەکەی سەرۆکی ئەمەریکایان ڕەت کردبوەوە، بەڵام ترەمپ گوتبووی، ئەو دوو وڵاتە بە پێشنیازەکەی ڕازی دەبن.
کاردانەوەی وڵاتان بەرانبەر پێشنیازەکەی ترەمپ
پێشنیازەکەی ترەمپ بۆ ڕاگواستنی هاووڵاتییانی غەززە بۆ میسر و ئوردن لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی کاردانەوەی زۆری بەداوی خۆیدا هێنا؛ کاردانەوەی بەشێکی وڵاتان:
سعوودییە: هەڵوێستی وڵاتەکەمان دەربارەی پرسی فەڵەستین و غەززە، هەڵوێستێکی ڕوون و ئاشکرا و نەگۆڕە، بەهیچ شێوەیەک بە پێشنیازەکەی ترەمپ ڕازی نابین.
ئوسترالیا: هەڵوێستی ئێمە وەکو ساڵی ڕابردووە، ئێمە پاڵپشتی لە دامەزراندنی دوو دەوڵەتی فەڵەستین و ئیسرائیل دەکەین.
چین: دژی ڕاگواستنی دانیشتووانی کەرتی غەززەین و هیواخوازین دوای ئاگربەستیش شەڕی غەززە بوەستێت، هەروەها باشترین ڕێگا چارەی سیاسیی بۆ فەڵەستین دوو دەوڵەتییە.
بەریتانیا: پلانی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ڕاگواستنی دانیشتووانی غەززە ڕەت دەکەینەوە و پێویستە فەڵەستینییەکان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. ئێمە پشتگیریی لە چارەی دوو دەوڵەتی دەکەین.
فەرەنسا: دژایەتیی خۆمان بۆ هەر جۆرە ڕاگواستنێکی دانیشتووانی فەڵەستینی لە غەززە دووپات دەکەینەوە، چونکە ئەمە پێشێلکاریی یاسای نێودەوڵەتی و هێرشکردنە سەر خواستە ڕەواکانی فەڵەستینییەکانە.
عێراق: هەر هەوڵێک بە ئامانجی ڕاگواستن و ئاوارەکردنی گەلی فەڵەستین لە غەززە ڕەت دەکەینەوە.