ئامادەکاریی بۆ کۆبوونەوەی پوتن و ترامپ دەکرێت

کرێملین بە سی ئێن ئێنی ڕاگەیاندووە، تا ئێستا هیچ گفتوگۆیەکی ڕژد لەبارەی ئەگەری کۆبوونەوەی نێوان ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا و دۆناڵد ترەمپ هاوتا ئەمەریکییەکەی نەکراوە.
دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرملین بە کەناڵی سی ئێن ئێن-ی ڕاگەیاند: "هیچ پەیوەندییەکیان نەبووە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەوەی کە ئایا پێویستە کۆببنەوە یان نا."
لای خۆیەوە پەرلەمانتارێکی باڵای ڕووسیا بە میدیای دەوڵەتی ڕاگەیاند ئامادەکارییەکان بۆ کۆبوونەوەکە کراوە، ڕەنگە هەر لە سەرەتای ئەم مانگەدا بێت.
ئەم لێدوانەی پیسکۆڤ دوای ئەوە دێت ترەمپ ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، ئەمەریکا سەرقاڵی دانوستانی بنیاتنەر بووە لەگەڵ هەردوو شاری مۆسکۆ و کیێڤ سەبارەت بە شەڕی ئۆکرانیا.
دۆناڵد ترەمپ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل گوتی: گفتوگۆیەکی زۆر باش و زۆر بنیاتنەر لەبارەی ئۆکرانیا دەکەین، ئاماژەی بەوەش کرد، گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی ڕووسیا و سەرکردایەتی ئۆکرانیا بەردەوامە.
دوای ڕۆژێک لە دەستبەکاربوونی لە 20ـی کانوونی دووەمی2025، ترەمپ ڕایگەیاند، لەگەڵ پوتن کۆدەبێتەوە و وردەکارییەکان کاری لەسەر دەکرێت و گوتی: "ئەوە بە زووترین کات دەبێت".