خامنەئی: دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا "ژیرانە، زیرەکانە، شەرەفمەندانە" نییە

ڕابەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران هەموو شێوازێکی دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت: دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا "ژیرانە، زیرەکانە، شەرەفمەندانە" نییە.
ئەم پەیامەی عەلی خامنەئی لە میانەی ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی بەیعەتدانی فەرماندەکانی هێزی ئاسمانی ئێران بوون بە ئیمام خومەینی لە سەردەمی ئینقلابی ئیسلامی، کە بەشێک لە فەرماندەکانی هێزی ئاسمانی ئێران ئامادەی بوون، گوتی: ئەم ڕۆژە، مێژووی لەدایکبوونی سوپای ئێرانە.
لە بارەی دەنگۆ و ئەگەری دانوستانی نێوان تاران و واشنتن، ڕێبەری باڵای ئێران، گوتی: لە دەیەی ڕابردوودا دوو ساڵ دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا بێ ئەنجام بوو، دواجار ئەمەریکا هەموو پەیمان و بەڵێنەکانی خستە ژێر پێ، هەربۆیە دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا هیچ کێشەیەکی ئابووری و گوزەرانی هاووڵاتییان چارە ناکات، هەر وەکوو پێشتر کە چارەساز نەبوو،
هەروەها هەڵوێستی وڵاتەکەی ڕاگەیاند، کە جگە لە ئەمەریکا، تاران ئامادەییە پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتان پەرە پێبدات، گوتیشی: ڕژێمی ئیسرائیلیش باس ناکەم، چونکە ئەو ڕژێمە هەر لە بنەڕەتدا وڵات نییە، بەڵکو "گرووپێکی تاوانکار و داگیرکارە".
هەر لە قسەکانیدا، خامنەئی گوتی: ئەمەریکییەکان سەرقاڵی گۆڕینی نەخشەی جیهانن و لە بارەی ئێرانیشەوە بۆچوونی خۆیان دەڵێن و هەڕەشەش دەکەن، بەڵام ئەگەر هەڕەشە لە ئێران بکەن، ئێمەش هەڕەشەیان لێدەکەین، هەربۆیە ئەگەر پەلاماری ئاسایشی نەتەوەیی ئێران بدەن، ئەو کاتە ئێرانیش دەستەوەستان نابێت و پەلاماری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا دەدات.