ترەمپ: پەلە لە جێبەجێکردنی پلانەکەم بۆ چۆڵکردنی غەززە ناکەم

سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند: پێویست ناکات هیچ پەلە بکەم لە جێبەجێکردنی ئەو پێشنیازەی کە لەبارەی غەززە خستوومەتەڕوو. هاوکات ترەمپ ویستی خۆی بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ پوتین پشڕاست کردەوە.
هەینی 7ـی شوباتی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە کۆشکی سپی لە وەڵامی ڕۆژنامەنووساندا ئاماژەی بەوە دا، دەمەوێت لەگەڵ پوتین، سەرۆکی ڕووسیا گفتوگۆ بکەم، هەروەها پێشبینیش دەکەم هەفتەی داهاتوو لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا گفتوگۆ بکەم.
سەرۆکی ئەمەریکا، دەڵێت: هەفتەی داهاتوو باج بەسەر ژمارەیەک وڵاتی دیکە دەسەپێنم. جەختی لەوەش کردەوە، بیر لە سەپاندنی باجی گومرگی لەسەر ئۆتۆمبێل دەکاتەوە.
لەبارەی غەززەوە، ترەمپ گوتی: پێویست ناکات هیچ پەلە بکەم لە جێبەجێکردنی ئەو پێشنیازەی کە لەبارەی غەززە خستوومەتەڕوو.
ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەو پێشنیازەی ترەمپ لەبارەی ڕاگواستنی دانیشتووانی غەززە، لەلایەن زۆرینەی وڵاتانی جیهان رەت کرایەوە.
بە گوتەی ترەمپ، ئیسرائیل، غەززە ڕادەستی ئەمەریکا دەکات.