زێلێنسکی ماددەی سروشتی دەداتە ئەمەریکا تاوەکوو بەرگریی لە ئۆکرانیا بکات

سەرۆکی ئۆکرانیا دەیەوێت بە سامانی سروشتیی وڵاتەکەی، ترەمپ ڕازی بکات بەرانبەر بە ڕووسیا بەرگرییان لێ بکات.

ڕۆژی هەینی، 7ـی شوباتی 2025، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند، وڵاتەکەی خاوەنی سامانێکی سروشتیی گەورەیە، هەروەها خاکەکەیان دەوڵەمەندە بە چەندان ماددەی دەگمەن، ئەمەش وەک بەشێک لە هەوڵەکانی بۆ ڕازیکردنی دۆناڵد ترەمپ بەکار دەهێنێت، تا لە دژی ڕووسیا بەرگرییان لێ بکات.

زێلێنسکی گوتیشی: ئامادەن ماددەی دەگمەن و گرانبەها ڕەوانەی ئەمەریکا بکەن، ئەگەر واشنتن دەستەبەری پاراستنی ئۆکرانیا لە شەڕی دژی ڕووسیا بکات.

سەرۆکی ئۆکرانیا باسی لەوەش کرد، لەسەدا 20ـی ئەو ماددە سروشتییانەی لە وڵاتەکەیدا هەن، کەوتوونەتە ئەو ناوچانەی کە ڕووسیا داگیریانی کردووە.

ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو، لەوەڵامی پەیامنێرانی کۆشکی سپی، دۆناڵد ترەمپ جەختی لە ئیدارەکەی کردەوە کە پەلە بکەن لە کۆتاییهێنان بەشەڕی ئۆکرانیا و ڕووسیا، چونکە ئۆکرانیا داوای کردووە ماددەی سروشتییان پێ بدات لە بەرانبەر ئەوەی ئەمەریکا هاوکاریی بکات.  

ترەمپ ئاشکراشی کرد، ئەمەریکا زیاتر لە هاوبەشە ئەورووپاییەکان هاوکاریی سەربازیی و دارایی ئۆکرانیای کردووە.

هەروەها سەرۆکی ئەمەریکا دووپاتی کردەوە، کە حکوومەتی ئۆکرانیا ئامادەیی دەربڕیوە بۆ  ڕێککەوتنێک کە ماددەی سروشتی بە ئەمەریکا بدات، لەبەرانبەریشدا ئەمەریکا هاوکاری دارایی و تەکنەلۆجیای پێشکەوتووی پێشکەش بکات.