ترەمپ ڕێگریی لە جۆو بایدن دەکات دەستی بە زانیارییە نهێنییەکانی وڵات بگات

دۆناڵد ترەمپ مافی جۆو بایدن، سەرکۆماری پێشووی ئەمەریکای لە دەست گەیشتن بە زانیارە نهێنییەکانی وڵات، هەڵوەشاندەوە.

بە گوێرەی هەواڵێکی پێگەی 'سی ئێن ئێن' دۆناڵد ترەمپ، لە پەیامێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی Truth Social ـی تایبەت بە خۆی ڕایگەیاند "لەمەودوا پێویست ناکات، جۆو بایدن مافی دەستڕاگەیشتنی بە زانیارییە نهێنیەکانی وڵات هەبێت، بۆیە ئێمە لێرەوە لێدوانەکانی جۆو بایدن سەبارەت بە بابەتە ئەمنییەکان هەڵدەوەشێنینەوە و هیچ زانیارییەکی ئەمنیی ڕۆژانەشی پێ نادرێت."

هەرچەند بە گوێرەی دەستووری ئەمەریکا، سەرۆکانی پێشوو مافی ئەوەیان نییە لێدوانی ئەمنیی بدەن و زانیاریی ئەمنییان پێ بدرێت. بەڵام بڕیارەکەی ترەمپ پاش چوار ساڵ لە بڕیارەکەی جۆو بایدن دێت، کە هەمان بڕیاری بەرانبەر بە ترەمپ دابوو و گوتبووی: ڕەوشتی ناجێگری ترەمپ بۆ ئەوە نابێت ئەو جۆرە هەواڵانەی پێ بدرێت. ئەمەش دوای پەلاماری لایەنگرانی ترەمپ بۆ سەر کاپیتۆل هات، کە لە 6ـی کانوونی دووەمی 2021 ڕووی دا.