جەستن ترۆدۆ: هەڕەشەکانی ترەمپ بۆ سەر کەنەدا ڕاستییە

میدیا ناوخۆییەکانی کەنەدا بڵاویان کردەوە، جەستن ترودۆ، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا ڕایگەیاندووە، قسەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەبارەت بەوەی کەنەدا دەکاتە 51مین ویلایەتی ئەمەریکا، 'بەڕاستییە'و پەیوەستە بە سامانە سروشتییەکانی کەنەداوە.

دەزگای (CBC) ـی کەنەدی بڵاوی کردەوە، ڕۆژی هەینی، 5ـی شوبات، جەستن ترودۆ، لە دانیشتنێکی داخراودا قسەی بۆ بازرگانان و کرێکاراکان کردووە، بەڵام بە هەڵە لە ڕێگەی مایکرۆفۆنێکەوە قسەکانی گواستراوەتەوە.

جەستن ترودۆ، سەبارەت بەگواستنەوەی کەنەدا بۆ سەر ئەمەریکا گوتی:"ترەمپ پلانی هەیە بە ئاسانترین ڕێگە ئەو کارە جێبەجێ بکات، ئەویش دەستبەسەرداگرتنی وڵاتەکەمانە. لەمەشدا بەڕاستییەتی." پێش ئەوەی دەنگەکە بوەستێت، گوتی: "لە گفتوگۆکانمدا لەگەڵیدا..". دواتر دەنگەکە نەما و وەستێنرا.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ئەسۆشەیتد پرێس، ترودۆ ڕایگەیاندووە "ئەوان ئاگاداری بوونی سەرچاوە سرووشتیەکانمانن، زۆر حەز دەکەن بتوانن سوودی لێ وەربگرن."

پێشتر دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی لە کەنەدا کردووە، هەم سەبارەت بەسەپاندنی باجی زیادە، هەم بیکاتە 51مین ویلایەتی ئەمەریکا.