خاچی سوور لەبارەی پرۆسەی ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکانی حەماس و ئیسرائیل پێشنیازێک دەخاتەڕوو

خاچی سووری نێودەوڵەتی داوا دەکات، بۆ لەمەودوا ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس، دوور لە چاوی کامێراکان و بە شێوەیەکی ڕانەگەیەنراو و نهێنی بەڕێوەبچێت.
شەممە 8ـی شوباتی 2025، لێژنەی خاچی سووری نێودەوڵەتی لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئاماژەی بەوە دا، تا دێت نیگەرانییەکان لەبارەی شێوازی بەڕێوەچوونی پرۆسەی ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل زیاتر دەبێت، بۆیە داواکارییەکییان لە هەموو لایەنەکان هەیە.
خاچی سووری نێودەوڵەتی، داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات بە تایبەت ئەوانەی ناوبژیکارن لەڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە، دەڵێت: گەڕی داهاتووی پرۆسەی ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس، با بە شێوازێکی ڕانەگەیەنراو و نهێنی و دوور لە چاوی کامێراکان بەڕێوەبچێت، ئەمەش بە مەبەستی پاراستنی تایبەتمەندی و کەڕامەتی دیلەکانە.
ئەمەش لە کاتێکدایە ئەمڕۆ گەڕی پێنجەمی ئاڵوگۆڕکردنی بارمتە و بەندکراوەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل بەڕێوەچوو، بەڵام حەماس بەر لەوەی بارمتەکان ڕادەستی خاچی سووری نێودەوڵەتی بکات، ئەوانی هێنایە سەر سەکۆیەک کە ژمارەیەک پۆستەری پێوە هەڵوەسرابوو، کە لە سەری نووسرابوو "ئێمە تۆفانین و ئێمە ڕۆژی داهاتووین" لەسەر یەکێکی دیکەش، وێنەیەکی ناتانیاهۆ بە غەمگینی لەگەڵ وێنەی ژمارەیەک تانکی تێکشکاوی ئیسرائیلی دەردەکەوتن.
لە بەرانبەردا ئەو شێوازە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی توڕە و نیگەران کرد. نووسینگەی ناتانیاهۆش ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە دا، "دیمەنی ئازادکردنی سێ بارمتە ئیسرائیلییەکە لە ناوەندی غەززە زۆر نەشیاو بوو، بە دڵنیاییەوە بەبێ وەڵام تێ ناپەڕێت."
ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل، دوای زیاتر لە 15 مانگ لە جەنگی وێرانکەر، لە ڕۆژی یەکشەممە 19ـی کانوونی دووەمی 2025، بە نێوەندگیریی میسر و قەتەر و ئەمەریکا، کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.
قۆناغی یەکەمی ئاگربەستەکە ماوەکەی 42 ڕۆژ دەبێت، دانوستانەکانیش بەردەوام دەبن بۆ دەستپێکردنی قۆناغی دووەم و دواتر قۆناغی سێیەم.
لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاگربەست، تاوەکوو ئێستە 21 بارمتەی ئیسرائیلی و بیانیی ژێر دەستی حەماس و 783 زیندانی فەڵەستینی لەنێو زیندانەکانی ئیسرائیلدا ئازاد کراون. هاوکات شەڕ ڕاگیراوە و سەدان بارهەڵگری هاوکاریی مرۆیی گەیەنراونەتەوە کەرتی غەززە.