نەخۆشخانەی جمهوری سلێمانی چەند هەواڵێکی خۆش دەداتە هاووڵاتیان

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە چەند زانیارییەک بڵاودەکاتەوە

K24- سلێمانی:

د.داهات حەوێزی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی جمهوری سلێمانی، باس لە دۆخی نەخۆشخانەکە دەکات و دەڵێت، رۆژانە نزیکەی 100 نەخۆش لە 4 قاوشدا چارەسەریان بۆ دەکرێت.

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە بە چەند خاڵێک باس لە رەوشی نەخۆشخانەکە دەکات:
- رۆژانە نزیکەی 20 نەخۆش بەرەو باشی ئەچن و ئەیانێرینەوە بۆ تەواو کردنی چارەسەرەکەیان لە ماڵەوە یان لە ئوتێلە تەرخانکراوەکان.
- رۆژانە نزیکەی 10 نەخۆش پلازمایان بۆ ئەنوسین، بەشی زۆر لەو نەخۆشانە پلازمایان دەست ئەکەوێ، بەشێکیشیان ئێمە هاوکاریان ئەکەین.
- رۆژانە نزیکەی 5 نەخۆش باری تەندروستیان تێک ئەچێ و پێویستیان بو ئامێری هەناسەدانی دەستکرد ئەبێ و بەپێی هەبوونی جێگا ئەیانێرین بۆ نەخۆشخانەی شەهید ئاسۆ.
- رۆژانە چەند حاڵەتێکی کەمی مردن لە جمهوری تۆمار ئەکرێ.

- ئەوەی جێگای دڵخۆشیە زۆرێک لەو نەخۆشانەی پلازما وەرئەگرن سوودی زۆری لێ دەبینن و دوای دوسێ ڕۆژ لە نەخۆشخانە دەریان ئەکەین، ئێستا خەڵکێکی زۆر ڕوودەکەنە بانکی خوێن بۆ پێدانی پلازما و ڕۆژانە زۆرێک لەو نەخۆشانەی کە 14ڕۆژ بەسەر چاکبونەوەیان تێپەڕیوە خۆیان ئەچن بۆ بەخشینی پلازما.
- لە سبەینەوە دەست ئەکەین بە دەرمانێکی تایبەت بە بەرزکردنەوەی بەرگری لەو کەسانەی تووشی هەوکردنی سەختی سیەکان بوون.
- سوپاس بۆ خوا ئێستا پابەندی خەڵک باشتربوە و ماسک و دەستکێش زۆر بەکارئەهێنن.