ئامادەکاری بۆ گەڕاندنەوەی 155 خێزانی دیکەی داعش لە کەمپی هۆلەوە بۆ عێراق دەکرێت

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردووەتەوە، بە هەماهەنگیی نێوان حکوومەتی عێراق و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، ئامادەکاری بۆ گەڕاندنەوەی 155 خێزانی ئەندامانی داعش بۆ عێراق دەکرێت، ژمارەی تاکەکانی ئەو خێزانانەش 569 کەسە، کە دوای گەڕانەوەیان ڕەوانەی کەمپی جەدعەی موسڵ دەکرێن.
بەگوێرەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، ژمارەی ئەو عێراقیانەی لە کەمپی هۆل ماون نزیکەی 20 هەزار کەسن، تا ساڵی 2027یش سەرجەمیان دەگەڕێنرێنەوە عێراق.
بەشێکی پەرلەمانتاران و پسپۆڕانی ئەمنیی عێراق گەڕاندنەوەی ئەو خێزانانە بە مەترسیی بۆ سەر داهاتووی عێراق دەزانن. لەوبارەوە محەممەد تەقی ئامرلی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو "نامانەوێت ئەو خێزانانە پشتگوێ بخرێن، ئێمە داعشەکان دەناسین و سازشیان لەگەڵ ناکەین، من لەگەڵ ڕێکارەکانی حکوومەتم بۆ هێشتنەوەی ئەو خێزانانە لە ژێر چاودێریی دەوڵەتدا. ئەو خێزانانە تیرۆر دەناسن و لێی دەترسن، پێم وایە ئەم کێشەیە چارە دەکرێت."
ئەسیر شەرع، پسپۆڕی ئەمنیی دەڵێت: بۆچوونی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتان لەگەڵ بەرژەوەندییە باڵاکانی عێراق بۆ گەڕاندنەوەی خانەوادەی چەکدارانی داعش، جیاوازە. دەشڵێت: ڕێکخستنەکانی داعش لە نێو خێزانەکانیاندا لە کەمپی جەدعە، هێشتا چالاکن، بۆیە گەڕاندنەوەیان مەترسی سەرهەڵدانەوەی داعشی لێ دەکرێت.