عێراق وەڵامی ناتانیاهۆ دەداتەوە

وێنەیەکی تێکەڵاو لە باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق و سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل
وێنەیەکی تێکەڵاو لە باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق و سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل

وەزارەتی دەرەوەی عێراق سەرکۆنەی لێدوانەکانی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەکات لەبارەی دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەڵەستینی لەسەر خاکی سعوودییە. 

یەکشەممە، 09-02-2025، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بە توندی لێدوانەکانی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی لەبارەی دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەڵەستینی لەسەر خاکی شانشینی عەرەبستانی سعوودی، سەرکۆنە و ڕەت کردەوە. 

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لێدوانەکانی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بە "ئیستیفساز" ناو بردووە و جەختی کردووەتەوە "لێدوانەکان، پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەریی خاکی شانشینی عەرەبستانی سعوودییە و دەستدرێژیکردنە بۆ سەر مافە ڕەواکانی گەلی فەڵەستین، هاوکات پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانە."

وەزارەتی دەرەوەی عێراق، هاوسۆزیی تەواوی خۆی بۆ شانشینی سعوودی دووپات دەکاتەوە و جەخت لە هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی بۆ پشتیوانیی لە ئاسایش و سەقامگیریی و سەروەریی وڵاتان دەکاتەوە. 

ئەمە لە کاتێکدایە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لە میانی سەردانەکەیدا بۆ واشنتن و دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی 14ـی ئیسرائیلی ڕایگەیاند "سعوودییەکان خاکێکی زۆریان هەیە و دەتوانن دەوڵەتێکی فەڵەستینی لەسەر خاکی وڵاتەکەیان دابمەزرێنن."

ناتانیاهۆ، دووپاتی کردەوە "بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادەن لە دوای ڕووداوەکانی 07ـی ئۆکتۆبەری 2023، دەوڵەتێکی فەڵەستینی لە ناوچەکەیان دابمەزرێنرێت."