بریندارانی شەڕ، فەرمانگەی شەهیدان و بریندارانی ئەنبار بەگەندەڵی تۆمەتبار دەکەن

یەکێک لەو فەرمانگانەی عێراق زۆرترین سکاڵای لەسەرە، فەرمانگەی شەهیدان و بریندارانی پارێزگای ئەنبارە، ئەم فەرمانگەیە بە گەندەڵی تۆمەتبارە، هاوکاریی بریندارانی شەڕ ناکەن و ڕێگریی دەکەن لەوەی مووچەیان بۆ ببڕنەوە. 

یوسف عیساوی، یەکێک لە قوربانییەکانی پاشماوە جەنگییەکانە. ئەم گەنجەی پارێزگای ئەنبار دەست و قاچێکی قرتاوە، بەڵام هێشتا بەدوای مافەکانیەوەیەتی، یوسف نیگەرانە لەو ڕۆتینە بێزارکەرانەی لە دامەزراوەی شەهیدان و بریندارانی پارێزگای ئەنبار هەیە.

ئەم گەنجە، کە لە بیستەکانی تەمەنیدایە ماوەی نزیکەی هەشت ساڵە کەمئەندام بووە، بەڵام هێشتا چاوی لەوەیە مووچەیەکی بۆ ببڕنەوە، چونکە تاکە بەخێوکەری خێزانەکەیتی.

یوسف عیساوی، قوربانی پاشماوەکانی شەڕ بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند  "کێشەکانمان لەگەڵ دامەزراوەی شەهیدان و برینداران زۆرن، سەرباری ئەوەی ئێمە کەمئەندامین بەڵام ئازارمان دەدەن. هەموو ڕاپۆرتە پزیشکییەکانمان بردووە بەڵام هەر ئەمڕۆ و سبەینێمان پێ دەکەن، زۆر ماندوومان دەکەن. لەساڵی 2017ەوە وام لێهاتووە، ساڵ لەدوای ساڵ خراپترمان بەسەردێت و تا ئێستا هیچمان بۆ نەکراوە.

سەرباری ئەو هەموو کێشە و دەردە سەرییە، بەڵام دامەزراوەی شەهیدانی ئەنبار قسە بۆ میدیاکان ناکات. بریندارانی شەڕ کێشەیەکی دیکەیان هەیە، ئەویش وەزارەتی تەندروستیە، چونکە دەرمان و پێداویستییەکانیان بەڕێکوپێکی پێ ناگات، ئەمەش وادەکات سەرباری بێپارەیی پەنا بۆ کڕینی دەرمانەکانیان لە کەرتی تایبەت ببەن.

ئسماعیل خەلەف، باوکی قوربانی گوتی: تەنانەت لە نەخۆشخانەکانیش دەرمان نییە، من بەم تەمەنەوە ناتوانم کاربکەم و پارەی چارەسەر بۆ کوڕەکەم پەیدا بکەم. دامەزراوەی شەهیدان زۆر ئازارمان دەدەن. تەنانەت نووسراوی دادگامان پێیە، بەڵام هیچمان بۆ ناکەن."

نزیکەی هەشت هەزار کەمئەندامی شەڕ لە پارێزگای ئەنبار هەن، زۆرینەیان خەڵکی قەزای فەللوجەن،  داوادەکەن ئاوڕیان لێ بدرێتەوە و وەک سەرەتایترین مافیان مووچەیان بۆ ببڕدرێتەوە.

ڕاپۆرت: محەممەد دلێمی, پەیامنێری کوردستان24 لە ئەنبار