حەماس بۆ ترەمپ: ناتوانیت

سوپای ئیسرائیل بە تەواوەتی لە ڕێڕەوی ستراتیجیی 'نەتساریم' کشایەوە و بزووتنەوەی حەماسیش پەیامێکی بۆ سەرۆکی ئەمەریکا هەیە.
لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی مقاوەمەی فەڵەستینی (حەماس)، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، 09-02-2025، سوپای ئیسرائیل بە تەواوەتی لە ڕێڕەوی 'نەتساریم' کشایەوە.
'نەتساریم' ڕێرەوێکی ستراتیجییە و باکوور و باشووری غەززە لە یەکدی جیا دەکاتەوە؛ لە دوای ڕووداوەکانی 07ـی ئۆکتۆبەر، بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک و سێ مانگ لەژێر کۆنترۆڵی سوپای ئیسرائیلدا بوو.
لەلایەن خۆیەوە حەماس لە ڕاگەیەندراوێکدا کشانەوەی تەواوەتی سوپای ئیسرائیل لە ڕێڕەوی 'نەتساریم' بە "تەواوکاریی شکستی قڕکردنی گەلەکەمان" ناو برد.
حەماس لە ڕاگەیەندراوەکەیدا، پەیامێکی بۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکاش نارد و گوتی: ئەوەی داگیرکەر (ئیسرائیل) لە 15 مانگی ڕابردوودا، لە برسیکردن، جینۆساید، لەناوبردنی بە سیستەماتیک و ڕاگواستنی زۆرەملێی گەلەکەمان بەدەستی نەهێنا، دۆناڵد ترەمپ لە ڕێگەی ڕێککەوتنەکانەوە بەدەستی ناهێنێت.
لە چوارچێوەی گەڕی پێنجەمی ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە، ڕۆژی شەممە، 08-02-2025، کەتیبەکانی قەسام، باڵی سەربازیی بزووتنەوەی (حەماس)ـی فەڵەستینی، سێ بارمتەی دیکەی ئیسرائیلییان بە ناوەکانی (ئیلیاهو داتسۆن شەرعەبی، ئۆر ئەڤراهام لیڤی و ئۆهاد بن عامی) ئازاد کرد. هەمان ڕۆژ، ئیسرائیل 183 زیندانیکراوی فەڵەستینی ئازاد کرد.
ڕۆژی یەکشەممە 19ـی کانوونی دووەمی 2025، ئاگربەستەکەی غەززە بە نێوەندگیریی میسر و قەتەر و ئەمەریکا، کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، قۆناغی یەکەمی ئاگربەستەکە ماوەکەی 42 ڕۆژ دەبێت، دانوستانەکان بەردەوام دەبن بۆ دەستپێکردنی قۆناغی دووەم و دواتر قۆناغی سێیەم.
لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاگربەست، تاوەکوو ئێستە 21 بارمتەی ئیسرائیلی و بیانیی ژێر دەستی حەماس و 783 زیندانی فەڵەستینی لەنێو زیندانەکانی ئیسرائیلدا ئازاد کراون. هاوکات شەڕ ڕاگیراوە و سەدان بارهەڵگری هاوکاریی مرۆیی گەیەنراونەتەوە کەرتەکە.