پرسی فەڵەستین، وڵاتانی عەرەبی دێنێتە دەنگ

کۆبوونەوەی پێشووی ئەنجوومەنی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەب لە قاهیرە (ئەرشیف)
کۆبوونەوەی پێشووی ئەنجوومەنی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەب لە قاهیرە (ئەرشیف)

وڵاتانی عەرەبی لە قاهیرە، دۆخی غەززە و "پێشهاتە نوێ و مەترسیدارەکانی تایبەت بە پرسی فەڵەستین" تاوتوێ دەکەن. 

یەکشەممە، 09-02-2025، وەزارەتی دەرەوەی میسر لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا "ڕۆژی پێنجشەممە، 27-02-2025، لووتکەیەکی بەپەلەی عەرەبی لە قاهیرە بۆ تاوتوێکردنی پێشهاتە نوێ و مەترسیدارەکانی تایبەت بە پرسی فەڵەستین، بەڕێوە دەچێت."

وەزارەتەی دەرەوەی میسر ئەوەشی خستووەتە ڕوو، بڕیاری ڕێکخستنی لووتکەکە لە قاهیرە، لەسەر داوای دەسەڵاتدارێتیی فەڵەستین و بە ڕاوێژ و هەماهەنگی لەگەڵ کۆمکار و وڵاتانی عەرەبی دراوە. 

بەڕێوەچوونی ئەم لووتکەیە لە کاتێکدایە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند "کۆنترۆڵی کەرتی غەززە دەکەن و هاووڵاتییانی بۆ ئوردن و میسر دەگوازنەوە، تا ئەو کاتەی ئاوەدانی کەرتەکە دەکەنەوە؛ ئەمەش لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی و ناوچەکە ناڕەزایەتیی لێ کەوتەوە." 

بەم دواییانەش، زۆرینەی وڵاتانی عەرەبی سەرکۆنەی لێدوانێکی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلیان کرد کە گوتبووی: سعوودییە خاکێکی زۆری هەیە، با دەوڵەتێکی فەڵەستینی لەسەر خاکەکەی دروست بکات.

 ڕۆژی یەکشەممە 19ـی کانوونی دووەمی 2025،  ئاگربەستەکەی غەززە بە نێوەندگیریی میسر و قەتەر و ئەمەریکا، کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، قۆناغی یەکەمی ئاگربەستەکە ماوەکەی 42 ڕۆژ دەبێت، دانوستانەکان بەردەوام دەبن بۆ دەستپێکردنی قۆناغی دووەم و دواتر قۆناغی سێیەم.

لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاگربەست، تاوەکوو ئێستە 21 بارمتەی ئیسرائیلی و بیانیی ژێر دەستی حەماس و 783 زیندانی فەڵەستینی لەنێو زیندانەکانی ئیسرائیلدا ئازاد کراون. هاوکات شەڕ ڕاگیراوە و سەدان بارهەڵگری هاوکاریی مرۆیی گەیەنراونەتەوە کەرتەکە.