پسپۆڕێکی ئاو: مەترسی جیددی لەسەر کەرتی کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق هەیە

لەگەڵ کەمبوونەوەی ڕێژەی باران، مەترسی جیددی لەسەر کەرتی کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق هەیە، ئەمەش لە کاتێکدایە ئەگەر ڕێوشوێنی بەپەلە و کاریگەر نەگیرێتەبەر، ڕەنگە کاریگەرییەکەی کارەساتبار بێت.
ڕەمەزان هەمزە، پسپۆڕی ئاو بە میدیای ناوخۆیی ڕاگەیاند "کەمیی باران، ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر ئەو بەروبوومە کشتوکاڵیانە هەیە، کە پشت بە ئاوی باران دەبەستن." ئاماژەی بەوەش کردووە، پێویست بوو جووتیاران ئاگادار بکرێنەوە تاکوو ڕێوشوێنی جێگرەوە بگرنەبەر، وەک ئاودێری."
هەمزە گوتیشی: گۆڕانی کەشوهەوا، وشکەساڵی زیاد دەکات و دەبێتە هۆی دروستبوونی لافاو، ئەمەش بەهۆی خراپ بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکانە.
ئەو پسپۆرە، بۆ چارەکردنی قەیرانی ئاو، دەڵێت: دەبێت هەنگاو بۆ کشتوکاڵی زیرەک بنرێت، هەروەها دەبێت پشت بە تەکنیکەکانی ئاودێریی سەردەمیانە ببەسترێت، بە ڤبەکارهێنانی سیستەمی ئاوپرژە، نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی ئاو، لەوانەش بەنداو، کۆکردنەوەی ئاو، هاندانی کشتوکاڵی بەردەوام لە ڕێگەی سیاسەتێکەوە کە پشت بە بەرهەمی بێ ئاوی ببەستێت.
ئاماژەی بەوەش کرد "دیاریکردنی پشکی ئاو بە شێوەیەکی دادپەروەرانە لەنێوان پارێزگاکان، ڕێگریی لە پێشێلکارییەکان و بەرزکردنەوەی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، بەتایبەتی تورکیا و ئێران و سوریا، بۆ دەستەبەرکردنی پشکێکی دادپەروەرانە لە ئاوی دیجلە و فورات.
هەمزە جەختی کردەوە "ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم تەحەددایانە پێویستی بە ستراتیجیی درێژخایەن هەیە، کە پلانی حکوومەت و هاوکاری هاووڵاتیان تێکەڵ بکات، بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامیی سەرچاوەکانی ئاو و پاراستنی ئاسایشی خۆراکی عێراق."