پیرلۆ یه‌كه‌مین هه‌نگاوی بۆ راهێنه‌رایه‌تی یوڤێنتۆس هاویشت

پیرلۆ یه‌كه‌مین ئه‌زموونی راهێنه‌رایه‌تی تاقی ده‌كاته‌وه‌

به‌ گوێره‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی راگه‌یاندنی ئیتاڵیا، ئاندرێ پیرلۆ له‌ گفتووگۆدایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كه‌مین ئه‌زموونی كاری راهێنه‌رایه‌تی یانه‌ی یوڤێنتۆسی پێشووی تاقی بكاته‌وه‌.

دی مارزیۆ رۆژنامه‌نووسی ناوداری ئیتاڵیا كه‌ به‌رده‌وام هه‌واڵ و زانیارییه‌كان وه‌كو سه‌رچاوه‌یه‌كی دروست مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت، ئاشكرای كردووه‌ كه‌ ئاندرێ پیرلۆ ده‌بێته‌ راهێنه‌ری تیپی خوار ته‌مه‌ن 23 ساڵانی یانه‌ی یوڤێنتۆس.

له‌ لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه‌، پێگه‌ی سكای سپۆرتی ئیتاڵیا ئه‌م هه‌واڵه‌ی پشتڕاستكردووه‌ته‌وه‌ و نووسیویه‌تی: پیرلۆ یه‌كه‌مین هه‌نگاوی به‌ره‌و كاری راهێنه‌رایه‌تی هاویشت و له‌ شوێنی فابیۆ پێچیا ده‌بێته‌ راهێنه‌ری تیپی لاوانی یانه‌ی یوڤێنتۆس.

پێرلۆی ته‌مه‌ن 41 ساڵ پێشر له‌گه‌ڵ یانه‌ی بریشیای ئیتاڵیا ده‌ستی به‌ یاریكردن كردووه‌، دواتر لە ریزی یانەکانی ئینتەر میلان، ئەیسی میلان و یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی یاریی کردووە و 6 نازناوی سێریا ئەی و دوو نازناوی چامپیۆنزلیگی بەدەستهێناوە لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیتاڵیاش بووەتە پاڵەوانی مۆندیال.

ئاندری پیرلۆ وه‌كو یاریزان له‌ كاروانی وه‌رزشی خۆی له‌گه‌ڵ یانه‌كان و هه‌ڵبژارده‌كه‌ی 691 یاری ئه‌نجامداوه‌ و 74 گۆڵی كردووه‌، 90 ئاسیستی هه‌بووه‌ و و 21 ناسناوی به‌ده‌ستهێناوه‌.