کارەبای ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەکرێتە 24 کاتژمێری

ئەندازیار ئەردەوان ئیبراهیم، بەڕێوەبەری کارەبای سۆران ڕایدەگەیەنێت: لە شەش مانگی دووەمی ساڵی 2025، لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران  دەست بە پرۆژەی ڕووناکی دەکرێت، پێشتر سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی ڕایگەیاند کە مەبەستیانە تا کۆتایی ساڵی 2026 کارەبای سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بکەنە 24 کاتژمێری.

یەکشەممە 9ـی شوباتی 2025، لە هەواڵەکانی کاتژمێر 6ـی کوردستان24 کە کۆڤان عیزەت پێشکەشی دەکات،  ئەندازیار ئەردەوان ئیبراهیم، بەڕێوەبەری کارەبای سۆران ڕایگەیاند: بەپێی ئەو پلانەی لەلایەن لێژنەی تایبەت بە پرۆژەی ڕووناکی داندراوە لەگەڵ وەزارەتی کارەبا، بڕیارە لە شەش مانگی دووەمی ساڵی 2025، لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش دەست بە پرۆژەی ڕووناکی بکرێت.

بەڕێوەبەری کارەبای سۆران ئاشکرای کرد، داتا و زانیارییەکانی سەنتەری شارەکانیان لە هەموو فیدەرەکانەوە، بۆ لێژنەی تایبەت ناردووە، لێژنەیەکی تایبەت لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەکات، دەشڵێت: فیدەری تەواوی گەڕەکەکانیان بۆ لێژنەکەی ئەنجوومەنی وەزیران ناردووە بۆ ئەوەی لێژنەکە بڕیار بدات لە کامە گەڕەکی سەنتەری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەست بە پرۆژەکە بکرێت.

ئەندازیار ئەردەوان ئیبراهیم ئاماژەی بەوە کرد، ساڵی 2025 پرۆژەی ڕووناکی لە سەنتەری سۆران بە تەواوی گەڕەکەکان جێبەجێ دەکەن، دەشڵێت: سنووری سۆران فراوانە و 6 قەزا لەخۆ دەگرێت، پرۆژەی ڕووناکی بۆ قەزاکانیش دەکەوێتە ساڵی 2026. 

لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری، ڕۆژانی ڕابردوو،  وەزارەتی کارەبا ڕایگەیاندبوو، لە ڕێگەی پرۆژەی ڕووناکییەوە کارەبای نیشتیمانیی 24 کاتژمێری بۆ هەشت گەڕەکی دیكەی شاری هەولێر دابین دەکات، کە بریتین لە گەڕەکەکانی (کوران، ڕزگاری، کوردستان، بەهار، کرێکاران، ئازادی، ماجیداوە و ڕاستی) و زیاتر لە 28 هەزار هاوبەشی کارەبای لەخۆگرتووە. 

وەزارەتی کارەبا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردبوو، پێشتر گەڕەکەکانی (شادی، بەهاری نوێ، نازناز، بەختیاری و سەربەستی) بە 22 هەزار هاوبەشەوە کرابوونە 24 کاتژمێری و بەم شێوەیە بەکۆی گشتی 50 هەزار هاوبەش لەم خزمەتگوزارییە سوودمەند دەبن.

وەزارەتی کارەبا دەشڵێت: لەگەڵ شاری هەولێر، کارە تەکنیکییەکان لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و دهۆکیش دەستی پێکردووە، لە چەند هەفتەی داهاتوودا چەند گەڕەکێک لەو پارێزگایانەش دەکرێن بە کارەبای 24 کاتژمێری.

17ـی تشرینی یەکەمی 2024، لە کاتی سەردانێکیدا بۆ گەڕەکی شادی لە شاری هەولێر، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاند.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گوتی: پرۆژەی ڕووناکی یەکێکە لە گرنگترین پرۆژەکانی خزمەتگوزاریی بۆ هاووڵاتییانی خۆشەویستی هەرێمی کوردستان، کە مەبەستمانە تا کۆتایی ساڵی 2026 کارەبای سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بکەینە 24 کاتژمێری.