ئەردۆغان: پلانەکەی ترەمپ بۆ غەززە بێمانایە

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، هیچ کەسێک ناتوانێت خەڵکی غەززە لە خاکی خۆیان دەربکات و پلانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ گواستنەوەی فەڵەستینییەکان و ئەمەریکا کۆنترۆڵکردنی ئەو کەرتە ڕەت دەکەینەوە.

ئەردۆغان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: کەس ناتوانێت خەڵکی غەززە لە زێدی خۆیان دەربکات کە هەزاران ساڵە لێی دەژین.

ئاماژەی بەوەش کرد، غەززە و کەناری ڕۆژئاوا و قودسی ڕۆژهەڵات هی فەڵەستینییەکانن.

ناوبراو درێژەی لە قسەکانی دا گوتی: بۆ ئێمە پێویست ناکات تاوتوێی پلانی ترەمپ بۆ غەززە بکەین یان بە ڕژدی وەربگرین.

جەختیشی لەوە کردەوە، ئەم پلانە بە تەواوی بێمانایە. کەس دەسەڵاتی ئەوەی نییە خەڵکی غەززە لە زێدی خۆیان دەربکات، خەڵکی غەززە بەردەوام دەبن لە مانەوە و تێیدا دەژین و خاکی خۆیان دەپارێزن.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، پابەندە بە کڕین و خاوەندارێتی غەززە و ڕەنگە بەشێکی بداتە وڵاتانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئەوەی ئاوەدانی بکەنەوە.

 ڕۆژی یەکشەممە 19ـی کانوونی دووەمی 2025،  ئاگربەستەکەی غەززە بە نێوەندگیریی میسر و قەتەر و ئەمەریکا، کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، قۆناغی یەکەمی ئاگربەستەکە ماوەکەی 42 ڕۆژ دەبێت، دانوستانەکان بەردەوام دەبن بۆ دەستپێکردنی قۆناغی دووەم و دواتر قۆناغی سێیەم.

لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاگربەست، تاوەکوو ئێستە 21 بارمتەی ئیسرائیلی و بیانیی ژێر دەستی حەماس و 783 زیندانی فەڵەستینی لەنێو زیندانەکانی ئیسرائیلدا ئازاد کراون. هاوکات شەڕ ڕاگیراوە و سەدان بارهەڵگری هاوکاریی مرۆیی گەیەنراونەتەوە کەرتەکە.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment