خانەنشینانی سەربازی لەبەغدا بۆ زیادکردنی مووچەکانیان خۆپیشاندانیان کرد

خانەنشینانی سەربازی سەرجەم پاریزگاکانی عێراق، لە بەغدا گرد بوونەوە و داوای ئەو مافانە دەکەن کە پێیان وایە لێیان سەندراوەتەوە، بەتایبەتی هەموارکردنەوەی یاسای خانەنشینی کە سێ بڕگەی لە خۆ گرتووە، هەروەها داوا دەکەن مووچەکانیان زیاد بکرێت، بەگوتەی خۆیان مووچەکانیان کەمە بەشی پێداویستییەکانیان ناکات.

یەکێک لە خۆپیشاندەرەکان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "یەکەم داواکاریمان ئەوەیە یاسا جێبەجێ بکرێت، هەروەها ئەوانەی خانەنشین دەبن بەسەر سێ گرووپدا دابەش کراون، ئەوانەی ساڵی 2003 و دوای 2003 و دوای 2019."

گوتیشی: ماددەی 69 لە یاسای 9 کە لەساڵی 2014ەوە جێگیر کراوە، کە دەبێت بەپێی هەڵاوسان و بازاڕ و نرخەکان مووچەی خانەشینان زیاد بکات. ئێستا لاسەنگیی لە نێوان خانەنشینانی کۆن و نوێ هەیە، بۆیە دەمانەوێت مووچەی بنەڕەتیمان بۆ زیاد بکرێت و بە 400 هەزار دینار جێگیر نەبێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئێمە وەکو سەربازانی ڕابردوو ستەمێکی زۆرمان لێ دەکرێت، کە دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو و هەڵوەشاندنەوەی سوپا، 570 هەزار دینارمان وەردەگرت تاوەکوو 2005، دوای ئەوە لە ئەنجوومەنی وەزیران فەرمانێک دەرکرا دەبوایە شایستەی خانەنشینیمان پێ درابایە، هەروەها ئەو مووچانەی لە 2003ەوە پێمان نەدراوە داوا دەکەین پێمان بدەن.

باسی لەوەش کرد، ئەگەر مووچەکە 400 هەزار دینار بێت، نەخۆشیی درێژخایەنت هەبێت چۆن بەش دەکات؟

یەکێکی دیکە لە خۆپیشاندەران دەڵێت: ئێمە ئەوە 20 ساڵە ئەو کێشەیەمان هەیە، چۆن دەبێت تاوەکوو ئێستا حکوومەت نەتوانێت چارەی بکات؟ باشە من دەڵێم 200 هەزار و 300 هەزار چۆن بەشی یەک خێزان دەکات، بۆیە داوا لەسەرۆک وەزیران و ئەنجوومەنی نوێنەران دەکەم ئەو کێشەیەمان بۆ چارە بکەن.

یەکێکی دیکە لە خۆپێشاندەران گوتی: کیشەی خانەشینان لە 2003ەوە تاوەکوو ئێستا بە هەڵپسێردراوی ماوەتەوە، پێویستە حکوومەت کیشەکانمان چارە بکات، ڕۆژێک خانەشینان دێن خۆپیشاندان دەکەن ڕۆژێک لە وەزارەتی بەرگری و ڕۆژێکی دیکە لەلایەکی دیکەوە خۆپیشاندان دەکەین، واتە نامانبینن، ئایا کەناڵە ئاسمانییەکان هەواڵەکە ناگوازنەوە کە دۆخی خانەشینان چەند خراپە، ئەوە چۆنە مووچە 300 یان 400 یان 500 هەزار دینارە، ئێمە قوتابیمان هەیە، خێزانمان هەیە،  تەنیا مانگانە 200 هەزارمان بۆ دەرمانە، خەڵک هەیە مووچەی سێ ملیۆن و چوار ملیۆن دینارە، تەنیا خانەنشین نەبێت کە ستەممان لێ دەکرێت.