د.دلۆڤان محەممەد: توشبوون بە شێرپەنجە لە هەولێر کەمبووەتەوە

شێرپەنجە
شێرپەنجە

د.دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر ڕایدەگەیەنێت: ئاماری توشبوون بە شێرپەنجە ڕوونی دەکەنەوە، ڕێژەی توشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە لە هەولێر کەمبووەتەوە.

دووشەممە 10ـی شوباتی 2025، د.دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر لە کۆنفرانسی ڕزگاربووانی نەخۆشانی شێرپەنجە ڕایگەیاند: دەتوانرێت چیرۆکی ئەوانەی لە نەخۆشی شێرپەنجە ڕزگارییان بووە و نەخۆشییەکەیان تێپەڕاندووە، بکرێتە سەرچاوەیەکی باشی دەروونی بۆ نەخۆشانی دیکە، ئاماژەی بەوەشدا، سەدا 28ـی ئەوانەی وەک توشبووی نەخۆشییەکە تۆمار دەکرێن، دانیشتووانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانن.

بەڕێوبەری گشتی تەندروستی هەولێر دووپاتی کردەوە، ڕێژەی توشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە بە دوو ساڵی ڕابردوو، ڕووی لە کەمبوونەوە کردووە.

د.دلۆڤان محەممەد دەڵێت: ئەوانەی نەخۆشییەکەیان تێپەڕاندووە، ئێستا ئاسایی ژیان دەکەن، ئەوەش کاریگەریی لەسەر دەروونی نەخۆشانی دیکە دروستدەکات، چونکە بەشێک لە چارەسەرییەکانی ئەو نەخۆشییە، لایەنی دەروونییە کە پێویستە هەمیشە مۆراڵی نەخۆشەکە و خزم و کەسانیشی بەرز بکرێتەوە بۆ ئەوەی چارەسەری باشتریان بۆ بکرێت.

بەڕێوبەری گشتی تەندروستی هەولێر گوتی: سەدا 28 ئەو نەخۆشانەی لە هەولێر تۆمار دەکرێن، نەخۆشانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانن، لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە دێن.

دەڵێت: ئامارەکانی ساڵی 2024 بۆ تووشبووانی شێرپەنجە ئەگەر بەراورد بکرێت بە ئاماری ساڵی، ساڵی 2023 ژمارەی تووشبووان 5456 بوون، ساڵی 2024ـیش، 4983 توشبوو بووە بە شێرپەنجە.