فەرهاد پیرباڵ: ئەوەی دوێنێ گەورەترین فتنە بوو سەر نەکەوت

د.فەرهاد پیرباڵ
د.فەرهاد پیرباڵ

نووسەر و ڕووناکبیر فەرهاد پیرباڵ لەبارەی مانگرتووانی سلێمانی و هەوڵەکانیان بۆ ئەوەی بێنە هەولێر گوتی: دەیانەوێت هەولێر بڕوخێنن بەڵام ناتوانن، دەشڵێت: ئەوەی دوێنێ گەورەترین فتنە بوو، سەر نەکەوت.

دووشەممە 10ـی شوباتی 2025، نووسەر و ڕووناکبیری کوردستان، د.فەرهاد پیرباڵ لە هەواڵەکانی کاتژمێر6ـی کوردستان24 کە کۆڤان عیزەت پێشکەشی دەکات گوتی: کێشەی مامۆستایان و مووچەخۆران بە چالاکی مەدەنی و خۆ نیشاندان، تەنانەت بچنە بەغداش، چارەسەر ناکرێت، ئێستا بە ئاشکرا شاسوار عەبدولواحید، عەلی باپیر، یەکگرتوو، هەموو ئەوانەی ناویان ئۆپۆزسیۆنە، خەڵکیان کۆ کردووەتەوە لە ڕانیە و هەڵەبجە و لە چەند شوێنێکی دیکە بۆ ئەو مانگرتنە، بۆیە ئەو چالاکییە مەدەنی نییە و تەواو چالاکییەکی سیاسییە.

د.فەرهاد گوتی: ئەوەی دوێنێ لە هەولێر ڕوویدا نیشانەیەکی زۆر ئاشکرایە بۆ هەرەسهێنانی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، عەلی باپیر و شاسوار و ئۆپۆزسیۆن بە تێكڕا، چونکە نەیانتوانیووە لەگەڵ پارتی لە گەمە سیاسییەکە ببەنەوە، لە هەڵبژاردن بەشێکیان کشانەوە، نەگەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە لە خەیاڵی خۆیاندا دایننابوو، کە نەگەیشتوونەتە هیچ ڕێککەوتنێک، منیش بم بە خەڵک دەڵێم بڕۆنە سەر شەقام و دەڵێم ئێمە لە پشتتانین، بۆیە مەسەلەکە کێشەی نێوان هەولێر و سلێمانی نییە، دەشڵێت: شتێک نییە بەناوی ئۆپۆزسیۆن لە کوردستان.

د.فەرهاد ئاماژەی بەوە کرد، دەستی چەند کەسێکی بەغدا لە پشتەوەی مانگرتنی سلێمانییە، وەک یوسف کیلابی و ڕەیان کلدانی، بۆیە دەڵێم چالاکییەکی سیاسییە نەوەک مەدەنی، هەر لەبەر ئەوە پێی هەر کەسێک دەبڕم بێت شارەکەی من تێکبدات، ئەوەی دوێنێ گەورەترین فتنە بوو کە سەر نەکەوت.

گوتیشی: ئەوان دەیانەوێت بە تەوتین، ئابووری کوردستان ڕادەستی بەغدا بکەن، نیشتمانی ئەوان عێراقە، نیشتمانی منیش کوردستانە، دووپاتی کردەوە، یەکخستنی هێزی پێشمەرگە و کابینەی هاوبەش و پەرلەمانی هاوبەش، وەک سەرۆک بارزانی دەڵێت: یەک هێزی پیشمەرگە، یەک پەرلەمان، یەک حکوومەت، هەموو کێشەکان چارە دەکات، بەڵام ئەوان دەیانەوێت هەولێر بڕوخێنن، بەڵام ناتوانن.