ئەمەریکا.. دوو فڕۆکە پێکیاندا دا و قوربانی هەیە

دیمەنی هەردوو فڕۆکەکە دوای پێکدادان
دیمەنی هەردوو فڕۆکەکە دوای پێکدادان

لە ئەنجامی پێکدادانی دوو فڕۆکە لە فڕۆکەخانەیەکی ئەمەریکا، کەسێک گیانی سپارد و چەند کەسێکی دیکەش بریندار بوون. 

کێلی کویستەر، ڕێکخەری پلاندانان و گەیاندنی فڕۆکەوانی لە فڕۆکەخانەی سکۆتسدەیل لە ویلایەتی ئەریزۆنای ئەمەریکا، بە ئاژانسی ئەسۆشەیتدپرێسی ڕاگەیاندووە، ئەمڕۆ سێشەممە، 11-02-2025، فڕۆکەیەکی تایبەت لە ڕێڕەوەی نیشتنەوەی فڕۆکەخانەکە دەرچووە و خۆی کێشاوە بە فڕۆکەیەکی دیکەدا لە جۆری "گۆڵفستریم 200" .

کویستەر ئاماژەی بەوەش کردووە "لە ئەنجامی پێکدانانی ئەو دوو فڕۆکەیەکە، سەرنشینێک گیانی سپاردووە و سێ سەرنشینی دیکەش بریندار بوون. 

بە گوتەی کویستەر "لەوانەیە سیستەمی لای چەپی نیشتنەوەی فڕۆکەکە، گرفتی تەکنیکی هەبوو بێت، هەر ئەمەش  بووبێتە هۆی ڕووداوەکە."

لە ماوەی 15 ڕۆژدا، ئەمە چوارەم ڕووداوی تێکشکان و پێکدانانی فڕۆکەیە لە ئەمەریکا. 29ی مانگی ڕابردوو، فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگر و هێلیکۆپتەرێکی سوپای ئەمەریکا پێکیاندا دا و 67 کەس گیانیان سپارد، هەروەها دوو ڕۆژ دواتر و لە 31ی کانوونی دووەم لە فیلادلفیا، فڕۆکەیەکی کەرتی تەندروستی کەوتە خوارەوە و حەوت سەرنشین گیانیان سپارد، هەفتەی ڕابردووش، فڕۆکەیەکی بچووک لە ڕۆژئاوای ئالاسکا کەوتە خوارەوە و هەر 10 سەرنشینەکەی گیانیان سپارد.