هاوسەرۆکێکی گەورەشارەوانیی وان زیندانی دەکرێت

سزای سێ ساڵ و 9 مانگ زیندانی بەسەر هاوسەرۆکێکی گەورەشارەوانیی وان سەپێنرا.
دادگای تاوانەکانی دیاربەکر لە دانیشتنی ئەمڕۆ سێشەممە، 11-02-2025ـدا، دۆسیەی دادگاییکردنی عەبدوڵلا زەیدان، هاوسەرۆکی گەورەشارەوانیی وانی یەکلایی کردەوە و سزای زیندانیکردنی سێ ساڵ و 9 مانگی بەسەر ناوبراودا سەپاند.
بە گوێرەی ئەو دۆسیەیەی لەسەری کراوەتەوە، ناوبراو تۆمەتبار کراوە بە هاوکاریکردنی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە).
پێشتر، داوا کرابوو عەبدوڵلا زەیدان بەتۆمەتی بانگەشەکردن بۆ پەکەکە، پیاهەڵدان بە تاوان و تاوانبار لەگەڵ سازکردنی کۆبوونەوەی نایاسایی و گردبوونەوە، 20 ساڵ زیندانی بکرێت، دواجار 15 ساڵ زیندانیکردنی بەسەر سەپێنرا، بەڵام ئەنجومەنی دادوەریی لە 26ـی ئایاری 2021 بریاری دادگای هەڵوەشاندبووەوە.
عەبدوڵلا زەیدان، لە یەکەم لێدوانیدا دوای بڕیاری دادگاکە، ئاشکرای کرد "سزادانەکەی بڕیاریکی سیاسییە نەوەک یاسایی و دەست بەسەر ئیرادەی ملیۆنێک و 200 هەزار هاووڵاتی وان گیراوە."