ساڵڕۆژی دەستگیرکردنەکەی، پەیامەکەی ئۆجەلان دوادەخات
پەکەکە: ئامانجمان دابەشکردنی تورکیا نییە

هەرچەندە هاوسەرۆکێکی دەم پارتی ڕایگەیاند، لەبەر سەردانەکەی شاندی ئیمرالی بۆ هەولێر، پەیامەکەی ئۆجەلان لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی دوادەخرێت، بەڵام بە گوێرەی زانیارییەکان، دواخرانی پەیامەکە پەیوەندی بە 26ـەمین ساڵیادی دەستگیرکردنی ئۆجەلانەوە هەیە، نەک سەردانی شاندەکە بۆ هەرێمی کوردستان.
تولای هاتیمۆگولاری، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ڕایگەیاند، ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو، 16-02-2025، شاندی پارتەکەیان بۆ ئیمرالی، سەردانی هەولێر دەکات و لەگەڵ سەرۆک بارزانی، پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان تاوتوێ دەکەن.
میدیاکانی تورکیا پێشتر ڕاگەیاندبوو، ڕۆژی شەممەی داهاتوو، 15ی شوباتی 2025، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە زیندانی ئیمرالییەوە پەیامێک لە بارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی بڵاو دەکاتەوە، بەڵام بە گوێرەی زانیارییەکان، بەهۆی 26ـەمین ساڵیادی دەستگیرکردنی ئۆجەلان لە کینیای باشووری ئەفریقا، بڵاوکردنەوەی پەیامەکە دواخراوە.
لەلایەن خۆیەوە هاتیمۆگولاری بە دووری زانی 15ـی ئەم مانگە ئۆجەلان پەیامەکە بڵاو بکاتەوە، چونکە وەکوو خۆی گوتی: "شاندی ئیمرالی 16ـی مانگ سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و چەندان کۆبوونەوەی دەبێت؛ ئەنجامی کۆبوونەوەکان دەخرێنە بەردەم عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ئەویش دواتر پەیامەکەی بڵاو دەکاتەوە."
هاتیمۆگولاری پێیوایە، هەر لەم مانگەدا ئۆجەلان "پەیامە مێژووییەکە" لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان بڵاو دەکاتەوە. باسی لەوەش کرد "ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا جەخت لە چارەکردنی پرسی کورد لە ڕێگەی ئاشتی و دیالۆگ دەکاتەوە، چونکە چەندان ساڵە شەڕ و ململانێکان پرسەکەیان چارە نەکردووە."
ئەو شاندەی دەم پارتی کە بڕیارە سەردانی هەرێمی کوردستان بکات، لە پەروین بوڵدان و سرری سورەییا ئۆندەر پێک دێت و دوو جار، لە دوورگەی ئیمرالی لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتیی لە تورکیا و باکووری کوردستان؛ لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان دیداریان هەبووە.
پەکەکە: ئامانجمان دابەشکردنی تورکیا نییە
هەروەها پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لەوە کردووە، دوای 26 ساڵ لە دەستگیرکردنی، ئەگەر هیچ کۆسپێک نەخرێتە بەردەمی، قۆناغێکی نوێ لەلایەن عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە دەست پێ دەکات کە تورکیا، تەنانەت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەواوی جیهانیش دەگۆڕێت.
پەکەکە ڕاشیگەیاندووە "ئۆجەلان و کورد، تورکیا دابەش ناکەن، بەڵکو کار بۆ دیموکراسیبوونی دەکەن."