سەرۆکی حکوومەت و سەرۆکی ئیمارات جەخت لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکان دەکەنەوە

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئیمارات، جەخت لە پێویستیی بەهێزکردنی هاوکاریی و هاوئاهەنگیی دوولایەنە دەکەنەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 12-02-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە شاری دوبەی، لەگەڵ شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی ئیمارات کۆبووەوە.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران ئامادەی بوو، بیروڕا لەبارەی دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کران.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کردووە "هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی بەهێزکردنی هاوکاریی و هاوئاهەنگیی دوولایەنە و پێشخستنی زیاتری پەیوەندیی دۆستانەی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیمارات لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا."
It is always a pleasure to meet with my brother H.H. Sheikh @MohamedBinZayed.
— Masrour Barzani (@masrourbarzani) February 12, 2025
We discussed regional developments and our shared vision for economic growth, stability, and deeper ties between the Kurdistan Region and the UAE. pic.twitter.com/KPps0kQuSs
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان تاوەکوو ئێستە لە پەراوێزی لووتکەکەدا، زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرۆک و سەرکردە و بەرپرسانی باڵای جیهان کردووە.
لووتکەی جیهانیی حکوومەتەکان ڕۆژی سێشەممە، 11-02-2025، لە شاری دوبەی دەستی پێ کردووە و کارەکانی تاوەکوو سبەینێ پێنجشەممە، 13-02-2025، بەردەوام دەبن.
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ڕۆژی دووشەممە، 10-02-2025، بە سەرۆکایەتیی شاندێکی حکوومی، بۆ بەشداریکردن لە لووتکەکە، گەیشتە ئیمارات و ئەمە چوارەم ساڵە لەسەر یەک، بانگهێشت دەکرێت.
ئەندامانی ئەو شاندەی یاوەریی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی دەکات بریتین لە:
1. قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
2. ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار.
3. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران.
4. ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران.

