ئەنجوومەنی دادوەری: لێبوردنی گشتی ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە تاوانیان بەرانبەر ئێزیدییەکان کردووە

ئەنجوومەنی باڵای دادوەری ڕایگەیاند، یاسای لێبوردنی گشتی ئەوکەسانە ناگرێتەوە کە تاوانیان بەرانبەر ئێزیدی و پێکهاتەکانی دیکە کردووە.
چوارشەممە، 12ـی شوباتی 2025، دادوەر عەلی حوسێن جەفات، سەرۆکی ناوەندی نیشتیمانی بۆ هاوکاری دادوەری نێودەوڵەتی لەگەڵ سەراب ئەلیاس بەرەکات، بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ڕزگاربووان کۆبووەوە."
لە دیدارەکەدا باس لەوەکراوە، "ئەنجامدەرانی تاوانەکانی ڕفاندنی ئافرەتانی ئیزیدییەکان، لێبوردنی گشتی نایانگرێتەوە."
لای خۆیەوە سەراب ئەلیاس سپاسی پێشکەشکردنی ئەو یارمەتی و هاوکارییانەی کرد بۆ لابردنی ئەو ئاستەنگییانەی لەبەردەم بەبەڵگەنامەکردنی تاوانەکانی دژ بە ئێزیدییەکان هەبوو.
ئاماژەی بەوەش کرد، لەگەڵ ژمارەیەک ڕێکخراوی کۆمەڵگای مەدەنی کۆبوونەتەوە کە هاوکاری پێکهاتەی ئێزیدی و پێکهاتەکانی دیکە دەکەن، گوتیشی، گفتوگۆمان لەسەر ئەو ڕزگاربووە ئێزیدییانە کردووە کە ڕووبەڕووی دەستدرێژی لەلایەن چەکدارانی داعشەوە بوونەتەوە، هەموو ئەو بەڵگەنامانەی ئەو ڕزگاربووانە لەلایەن سەنتەری نیشتیمانی ئەرشیف کراون.
شەممە 25ـی کانوونی دووەمی 2025، کۆمەڵگەی ئێزدی بە هاوبەشی قوربانیانی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە، تێیدا هەمواری یاسای ژمارە 27ـی ساڵی 2016ـی لێبووردنی گشتی ڕەتکردەوە و سەرکۆنەیان کرد، کە ڕۆژی 21ـی کانوونی دووەمی 2025 پەرلەمانی عێراق پەسەندی کرد، لە کاتێکدا ئەو لێبووردنە هەموو ئەو داعشانە دەگرێتەوە کە تاوانیان دەرهەق بە مرۆڤایەتی لە عێراق کردووە، سەرباری ئەوەی کۆمەڵکوژییان دژی ئێزدییەکان کردووە، لە شنگال و دەورووبەری.
لە بەیاننامەکەدا هاتبوو، ئێمە لە 10 ساڵی ڕابردوودا چاوەڕێی دادپەروەریمان دەکرد بەرامبەر ئەو کۆمەڵکوژییەی دەرهەقمان کرا، دەڵێن: تێپەڕاندنی هەمواری یاسای لێبووردنی گشتی جێی سەرسوڕمان بوو بۆ ئێمە، ئاماژە بەوە دەکەن، هەمواری ئەو یاسایە پێشێلی بنەماکانی مافی مرۆڤ و ئەخلاقی و بنەماکانی دەستوور و یاسایە، دەشڵێن: ئەو هەموارە لە بەهای پێکهاتەکانی عێراقکەم دەکاتەوە.