وەزیری شارەوانی: لووتکەی جیهانیی حکوومەتەکان پەرە بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان دەدات

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار جەختی لە گرنگیی بەشداریی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لووتکەی جیهانیی حکوومەتەکان لە دوبەی کردەوە و گوتی: پەرە بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتان دەدات.
چوارشەممە، 12-02-2025، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشوگوزار و ئەندامی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە لووتکەی جیهانیی حکوومەتەکان لە ئیمارات؛ لە لێدوانێکدا بۆ عەممار نەجمەددین، نێردراوی کوردستان24، وەڵامی ژمارەیەک پرسیاری تایبەت بە بەڕێوەچوونی لووتکەکەی دایەوە.
ئەو وەزیرەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لووتکەی جیهانیی حکوومەتەکانی بە "زۆر گرنگ" ناو برد، چونکە وەکوو خۆی ئاماژەی پێ دا "خاوەن بڕیار و بەرپرسانی یەکەمی زۆرینەی وڵاتە زلهێزەکانی جیهان تێیدا بەشدار دەبن."
بە گوتەی ساسان عەونی، لە میانی بەڕێوەچوونی لووتکەکە، بەرپرسانی یەکەمی وڵاتان، گفتوگۆ و هەڵسەنگاندن بۆ ئەو ئاڵنگارییانە دەکەن کە ئەگەری هەیە لە داهاتوودا ڕووبەڕووی کۆمەڵگە، حکوومەت و وڵاتان ببنەوە و هاوکات چارەسەرییەکانیش دەخرێنە ڕوو.
مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی لووتکەکەدا، لەگەڵ شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی ئیمارات و ژمارەیەک لە سەرۆک و سەرکردە و بەرپرسانی باڵای جیهان کۆبووەتەوە.
لەبارەی کۆبوونەوە و دیدارەکانی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوازر دووپاتی کردەوە "کۆبوونەوەکانی سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ سەرۆک و بەرپرسانی باڵای وڵاتان زۆر گرنگن و کاریگەرییەکی زۆر باشیان لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەو وڵاتانە دەبێت."
لووتکەی جیهانیی حکوومەتەکان ڕۆژی سێشەممە، 11-02-2025، لە شاری دوبەی دەستی پێ کردووە و کارەکانی تاوەکوو سبەینێ پێنجشەممە، 13-02-2025، بەردەوام دەبن.
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ڕۆژی دووشەممە، 10-02-2025، بە سەرۆکایەتیی شاندێکی حکوومی، بۆ بەشداریکردن لە لووتکەکە، گەیشتە ئیمارات و ئەمە چوارەم ساڵە لەسەر یەک، بانگهێشت دەکرێت.
ئەندامانی ئەو شاندەی یاوەریی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی دەکات بریتین لە:
1. قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
2. ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار.
3. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران.
4. ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران.