وەزیری دەرەوەی سووریا: بەم زووانە سەردانی بەغدا دەکەم
یەکەم بەرپرسی دەسەڵاتی نوێی سووریا دێتە عێراق
وەزیری دەرەوەی سووریا ئاماژەی بەوە کرد، دەیانەوێت پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عێراق باشتر بکەن و بەم زووانە سەردانی بەغدا دەکات.
چوارشەممە، 12-02-2025، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا، لەمیانی بەڕێوەچوونی لووتکەی جیهانیی حکوومەتەکان لە ئیمارات؛ لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بانگهێشتنامەیەکی فەرمی بۆ سەردانی عێراق پێ گەیشتووە و بەم زووانە دێتە بەغدا.
ئەمە دەبێتە یەکەم سەردانی بەرپرسێکی باڵای دەسەڵاتدراێتیی نوێی سووریا بۆ عێراق لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد. شەیبانی, باسی لەوەش کرد، دەیانەوێت پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان لەگەڵ هەموو وڵاتانی ناوچەکە، بە تایبەت ئەوانەی دراوسێی سووریان، باشتر بکەن.
پێشتر و لە ڕۆژی پێنجشهممه، 26ـی كانوونی یهكهمی 2024، شاندێکی عێراقی بە سەرۆکایەتیی حەمید شەتری، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری، سەردانی دیمەشقی کرد و لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا کۆ بووەوە.
تاوەکوو ئێستە بێجگە لە سەرۆکی دەزگای هەواڵگری، هیچ بەرپرسێکی دیکەی باڵای عێراق سەردانی سووریای نەکردووە.
چەند ڕۆژێک لەمەوبەریش، عامر فەیاز، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی نوێی سووریا بانگهێشتی لووتکەی داهاتووی عەرەبی لە بەغدا دەکرێت، کە بڕیارە کۆتایی مانگی چواری ئەمساڵ بەڕێوە بچێت.
ئەو ئەندامەی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق گوتی: بەرپرسانی عێراق بەنیاز نەبوون شەرع بانگهێشت بکەن، بەڵام دوای کرانەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەڕوویدا، ناچارن بانگهێشتی بکەن و وەک سەرۆکی نوێی سووریا مامەڵەی لەگەڵدا بکەن.