داوودئۆغڵو پێشنیاز دەکات غەززە بە تورکیاوە بلکێنرێت

ئەحمەد داوودئۆغڵو (وێنە: AA)
ئەحمەد داوودئۆغڵو (وێنە: AA)

ئەحمەد داوودئۆغڵو پێشنیاز دەکات، ڕیفراندۆم بکرێت تاوەکوو غەززە وەک ناوچەیەکی ئۆتۆنۆم بە تورکیاوە بلکێنرێت.

چوارشەممە، 12-02-2025، ئەحمەد داوودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئاییندەی تورکیا لەبارەی داهاتووی غەززە، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: خەڵکی غەززە لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا کە بەردەوامیی دەوڵەتی عوسمانییە، هاومێژوون و هاووڵاتییانمانن. با ڕیفراندۆم بکرێت و غەززە وەک ناوچەیەکی ئۆتۆنۆم بە تورکیاوە بلکێندرێت تا ئەو کاتەی دەوڵەتی فەڵەستین پێک دەهێنرێت.

داوودئۆغڵو، پەیامێکی بۆ ئەمەریکا و ئیسرائیلیش نارد و گوتی: وا دەزانن خەڵکی غەززە بە تەنیا جێ دەهێڵین؟ ئەگەر دەیانەوێت کۆچێک هەبێت، با ترەمپ ئیسرائیلییەکان بەرەو ئەمەریکا بگوازێتەوە وەک چۆن 100 ساڵ بەر لە ئێستا گوێزرابوونەوە."

ئەمە لە کاتێکدایە، ڕۆژی سێشەممە 11ـی شوباتی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە میانەی دیداری لەگەڵ شا عەبدوڵڵای دووەم، شای ئوردن لە واشنتن ڕایگەیاند "فەڵەستینییەکان لە شوێنێکی تر، جگە لە غەززە بە سەلامەتی دەژین و دەزانم کە توانای گەیشتنمان بە چارەسەر هەیە."

هاوکات ئاماژەی بەوە دا "پێم وایە لە ئوردن و میسر شوێنێک هەر دەبێت کە فەڵەستینییەکان بتوانن تێیدا بژین و من بە ڕێژەی 99% باوەڕم وایە لەگەڵ میسریشدا دەتوانین بگەینە ڕێککەوتنێک لەو بارەیەوە."