ریال مەدرید دەبێتە پاڵەوانی ئەم وەرزە؟

زێدان: ئامانجی ئێمه‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ لالیگا بووه‌ نه‌ك چامپیۆنزلیگ

نووسینی: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا

بەو یەکسانبوونەی کە دوێنێ شەو بارسا لەسەر یاریگەی خۆیدا بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید دووچاری بوو، تاڕادەیەکی زۆر دڵنیابوومە نازناوی ئەم وەرزەی لالیگای ئیسپانیا، بۆ بەرژەوەندیی ریال مەدرید یەکلابووەتەوە، بە تایبەتی ئەگەر سبەی ریال مەدرید بەرامبەر خیتافیی دراوسێی، بردنەوە تۆماربکات.

بارسا چوار یارییە شەش خاڵی کۆکردوەتەوە و شەش خاڵیشی لەدەستداوە، سێ یاریشە لەسەریەکیش یەکسان دەبێت.

ئەمە گوازرشتە لەوەی تیپەکە بە کێشەی قوڵی تەکتیکی و کارگێڕیشدا تێدەپەڕێت و پچڕانێک لە نێوان راھێنەر و یاریزانەکاندا ھەیە، ئەمە جگە لەو کێشەیەی تیپەکە، کە ھەمیشە چاوی لەوەیە مێسی ھەموو شتێکی بۆ بکات.

کێشەکانی بارسێلۆنا دەمێکە ھەن و بەردەوامیشن، گرێبەستە شکستخواردووەکانی ھێنانی گریزمان و دێمبلی بە زیاتر لە ٢٢٥ ملیۆن یۆرۆ، کە نەیانتوانی شوێنی نەیمار پڕبکەنەوە، کاریگەریی بەردەوامیان لەسەر پێکھاتەی تیپەکە ھەیە، وەک دەبینین، تیپەکەی یەدەگی باشی نییە، ئەگەر دوو سێ یاریزانی گەنجیشی ھێناوەتە پێشەوە،  مانای ئەوە نییە تیپەکە لەسەر کورسی یەدەگدا تۆکمەیە، تەنانەت بەشێکی یاریزانە دیارەکانیشی لە فۆرمەدانین و وەک پێویست بەخششیان نەماوە، بە تایبەتی ڤیدال، راکیتیچ، پیکێ و ئالبا.

دواکارەساتی کارگێڕیی تیپەکەی کەتەلۆنیاش دەستبەرداربوون لە ئارسەر میلۆ و ھێنانی پیانیچە لە یوڤێنتوسەوە، کە ئەمەش کۆمەڵێک پرسیار لەسەر کارکردنی کارگێڕیی یانەکە و پچڕانی بەیەکەوە کارکردنی لەگەڵ ستافی مەشق و یاریزانان پێشاندەدات.

یارییەکەی شەوی رابردووش، وەک یارییەکانی سێڤییا و سێلتاڤیگۆ، بەرامبەربوونێک بوو بە تامی دۆڕاندن بۆ بارسا، چونکە ئاستی تیپەکە وەک پێویست نەبوو، تەنانەت یارییەکەی شەوی رابردوو تیپی میوان زۆرباشتربوون، ئەمە لە کاتێکدایە ریال مەدرید لە دوای دەستپێکردنەوەی یارییەکانی لالیگا، کە بەھۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا نزیکەی ٣ مانگ وەستابوو، زۆر باشتر دەردەکەوێت و گەرموگوڕیی تیپەکە بۆ بردنەوە، زۆر زیاتر دەردەکەوێت و پێکھاتەی زیدانیش بە سەرەکی و یەدەگەوە جیاوازییەکی ئەوتۆی تێدا بەدی ناکرێت.

دەمەوێت ئەوە بڵێم، لەگەڵ ئەو ھاوڕێیانەی کە لە نزیکەوە گفتوگۆی وەرزشیی دوور لە دەمارگرژی دەکەین و باسی خولەکانی تۆپی پێ دەکەین، لە سەرەتای ئەم وەرزەوە و پێش ھاتنی کۆرۆنا، پێمگوتبوون ئەم وەرزە ریال مەدرید لالیگا دەباتەوە، ئەوان شایەتی ئەوەم بۆ دەدەن، کە من ھەرزوو پێشبینیی خۆم بۆ ئەم وەرزە کردبوو، چونکە ھەر لە سەرەتای وەرزەوە زیدانی راھێنەر کاری بۆ بردنەوەی ئەم نازناوە کردووە، خۆیشی لە سەرەتای وەرزدا دانی بەوەدانا، کە ئەم وەرزە ئامانجی یەکەمی بردنەوەی لالیگایە، نەک چامپیۆنزلیگ.

ئێستاش، کە ھەلی ئەوەی ھەیە بە چوار خاڵ بە پێش بارسێلۆنا بکەوێت، پێموانییە زیدان و تیپەکەی ئەو دەرفەتە لەدەستبدەن و زۆر نزیکن لەوەی ئەم وەرزە نازناوی لالیگا بگەڕێننەوە خەزێنەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ.