ماڵپەرێک: زیادکردنی باجی گومرگ، نرخی کاڵاکان لەناوخۆی ئەمەریکا بەرز دەکاتەوە

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا رژدە لەسەر سیاسەتی زیادکردنی باجی گومرگی بەسەر کاڵای هاوردەکراو، پێشتر و لە ئیدارەی یەکەمیدا کە ترەمپ بە هەمان شێوە باجی گومرگی زیاد کرد، نیازی ئەوەیە داهاتی فیدراڵی زیاد بکات و زیادکردنی گومرگ وەك ئامرازێك بۆ دانووستاندن لەگەڵ وڵاتان بەکار بهێنێت، بەڵام چەند لایەنێکی نەرێنیشی هەیە، وەك بەرزبوونەوەی نرخی شتومەك لە ناوخۆی ئەمەریکا.
لایەنێکی ئەرێنی زیادکردنی باجی گومرگی، زیادبوونی داهاتی فیدراڵی ئەمەریکایە. زیاتر لە 100 ساڵ لەمەوبەر لە 30%ـی داهاتی فیدراڵیی ئەمەریکا لە باجی گومرگیەوە سەرچاوەی دەگرت؛ سەرۆکی ئەمەریکا دەیەوێت باجی گومرگی ببێتەوە سەرچاوەیەکی داهات بۆ حکوومەتەکەی، سەرەڕای ئەمەش، ڕێکخراوی باج مەزندەی دەکات داهاتی حکوومەتی ئەمەریکا لە زیادکردنی باجی گومرگی، ساڵانە نزیکەی 100 ملیار دۆلار بێت، کە دەکاتە تەنیا لە %4.1 بودجەی فیدراڵی ساڵی 2024ـی وڵاتەکە.
بەگوێرەی دامەزراوەی ئەنجوومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوە، لایەنێکی دیکەی ئەرێنی ئەو بڕیارە، پاراستنی دەستی کار و بازرگانە ناوخۆییەکانە و هەروەها کڕیارە ناوخۆییەکان زیاتر ڕوو لە بەرهەمی ناوخۆیی بکەن، کرێکارەکانیش کارەکانیان لەدەست نادەن.
ماڵپەڕی ئینڤێستۆپیدیا ئاشکرای دەکات، لایەنێکی دیکەی ئەرێنی زیادکردنی باجی گومرگی، پاراستنی بەرژەوەندیی نیشتمانییە و دەکرێت وەك ئامرازێکی دانووستان بەکاربهێنرێت. بۆ نموونە، کاتێك باجی گومرگی لەسەر مەکسیك و کەنەدا زیاد کرد، ڕێککەوتن بۆ ماوەی 30 ڕۆژ بڕیارەکە جێبەجێ نەکرێت تا دەگەنە ڕێککەوتنێك. هەروەها بڕیاری زیادکردنی گومرگ لەسەر کۆلۆمبیا، ناچاری کرد کۆچبەرە نایاساییەکانی لە ئەمەریکا وەربگرێتەوە.
لایەنێکی نەرێنی زیادکردنی باجی گومرگی، بریتییە لە کاریگەری لەسەر بەکاربەر و ئابووری، بۆ نموونە دەستبەجێ نرخی کاڵاکان بەرز دەکاتەوە. چەند توێژینەوەیەکی نووسینگەی توێژینەوەی ئابووریی نیشتمانی ئاشکرای دەکات، ترەمپ لە ئیدارەی یەکەمیدا کاتێک باجی گومرگی زیادکرد زۆرترین بارگرانییەکە لەسەر بەکاربەرە ئەمەریکییەکان بوو.
لایەنێکی دیکەی نەرێنی دروستبوونی گەندەڵییە و گۆڤاری فۆربس ئاشکرای دەکات" لەگەڵ نەبوونی چاودێری، دەکرێت لێخۆشبوونی گومرگی وەك دراوێکی سیاسی لەنێوان دامەزراوە و بەرپرسان بەکار بهێندرێت."
یەکێک لە دیارترین لایەنە نەرێنییەکان بریتییە لە کاردانەوەی بەرامبەر و زیادکردنی باجی گومرگی بەسەر بەرهەمەکانی ئەمەریکا، بۆ نموونە لە ئیدارەی یەکەمی دۆناڵد ترەمپدا چین بڕیاری دا بەهەمان شێوە باجی گومرگی لەسەر بەرهەمەکانی ئەمەریکا زیاد بکات، ئەمەش زیانی بە کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵی ئەو وڵاتە گەیاند. بەگوێرەی نووسینگەی توێژینەوەی ئابووریی نیشتمانی، ئەمەریکا 300 هەزار دەرفەتی کاری بەهۆی ململانێی ئابووری لەگەڵ چین، لەدەست دا.