ئەگەر هەیە دوای گەڕانەوەیان لە هەولێر، شاندی دەم پارتی داوای سەردانی ئۆجەلان بکەنەوە

شاندی دەم پارتی دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆک بارزانی و گەڕانەوەیان لە سەردانەکەی هەولێر، ئەگەر هەیە جارێکی دیکە داوای سەردانی زیندانی ئیمراڵی و دیداری عەبدوڵلا ئۆجەلان بکەنەوە.

دوای کۆبوونەوەکەی ناوخۆیی دوێنێی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی)، مێدیاکانی تورکیا  بڵاویان کردووەتەوە، ناوەرۆکی کۆبوونەکەیان پەیوەست بووە بە پێشهاتە سیاسییەکانی ناوخۆی تورکیا، سەردانەکانی شاندی دەم پارتی، دەستگیرکردنەکانی ئەم دواییانە لەگەڵ ئەمەشدا هەڵسەنگاندنیان بۆ پەیامەکەی عەبدوڵلا ئۆجەلان کردووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بڕیارە شاندی دەم پارتی لە 16 و 17ی ئەم مانگە سەردانی هەولێر بکەن و لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆببنەوە، دوای گەڕانەوەشیان بۆ باکووری کوردستان، بە نیازن بۆ جاری سێیەم لە زیندان سەردانی ئۆجەلان بکەنەوە، بەڵام هێشتا هیچ هەنگاوێک کردەیی و یاساییان نەگرتووەتەبەر.

پێشبینی دەکرێت سێیەم سەردانی شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی، بەر لە بڵاوکردنەوەی پەیامەکەی ئۆجەلان بێت، کە بڕیارە ئاراستەی سەرکردایەتیی ئێستای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ی بکات.

هەر لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی دەم پارتی، باس لەوەش کراوە کە حکوومەتی تورکیا هیچ زانیارییەکی پێنەداون لە بارەی چۆنێتی و کاتی بڵاوکردنەوەی پەیامەکەی ئۆجەلان.

بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی بڵاو کراوەتەوە، دوای گەڕانەوەی شاندی دەم پارتی لە هەولێر، هاوسەرۆکانی پارتەکە، تولای هاتیمۆگولەر و تونسەر باکرهان، هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخەکە دەکەن و دواتر بەگوێرەی بارودۆخ و پێویستیی، لێدوان دەدەن.